بەغدا
بەپێی رێكخراوی شەفافیەتی نیودەوڵەتی، دوای سۆماڵ و سودان، و ئەفغانستان و كۆریای باكوور، عێراق بەگەورەترین وڵاتانی جیهان هەژمار دەكرێت، كە گەندەڵی تێدا كرابێت و بڕی ئەو پارەشی كە بەهۆی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ دراوە، بە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار لەقەڵمدراوە.ئەندامێكی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، "لە ساڵی 2005 تا ساڵی 2014 لە سەردەمی هەردوو حكوومەتی ئیبراهیم جەعفەری و نووری مالیكی زۆرترین سامانی عێراق بەتاڵان بردراوە، بەشێوەیەك لە ماوەی نۆ ساڵی رابردووی حوكمڕانیدا ئەوەندە گەندەڵی كراوە لە مێژووی هیچ قۆناغێكی حوكمداری عێراق نەكراوە".
دادوەر محەمەد كۆن ئەلشیباوی ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: " گەندەڵییەكی رادەبەدەر لە عێراق كراوە و هەموو دامەزراوەكان تێوەگلاون، حكوومـەتی پێشووی عێراق لەساڵی 2014دا بەبێ ئەوەی یەك بەڵگەنامەی هەبێت، 175 ملیار دۆلاری بردووە، ناشزانرێت ئەو پارەیە لەچی خەرجكراوە و 45 ملیار دۆلاری دیكەش لەبانكەكانی عێراق هەر بەمجۆرە بردراون".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاهە گوتیشی: "لە ساڵی 2014دا لیژنەكەمان سێ هەزار و 200 دۆسێی گەندەڵی یەكلایی كردووەتەوە، زۆرترین گەندەڵی لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ، بازرگانی وكەرتی وەبەرهێنان بووە. ئەو كەسانەشی كە گومان دەكرێن تێوەگلاوبن لە پێكهاتە جیاوازەكانن لە سەرۆكوەزیرانەوە هەتا وەزیر و وەزارەتەكان هەموویان گومانیان لەسەرە و ناشتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت."
كۆن زیاتر گوتی: "ئەوە پشتڕاست دەكەمەوە كە عێراق لە پێشەوەی هەموو ئەو وڵاتانەیە كە گەندەڵیان تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدم نییە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بتوانرێت بەرپرسە باڵاكانی عێراق كە بە گەندەڵی تیوەگلاون، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و چونكە ئەوەی هەیە، هەوڵی تاكە كەسییە بۆیە پێموایە هیچی لێ ناڕوێت".
وەك ئەندامانی لیژنەی نەزاهە باسی لێوە دەكەن، گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق لە سەردەمی نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بووە، كە ئەوانیش بریتی بوون لە "بردنی پارە لە بانكی ناوەندی عێراق و پرۆژەی قەناتی سوپا و گرێبەستی كڕینی چەكی وەهەمی و كۆن و كەرتی وەبەرهێنان".
بەپێی دۆسییەكانی بەردەستی لیژنەی نەزاهەی سەر بە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 400 ملیار دۆلاری ئەمریكی بەهۆی گەندەڵییەوە لە خەزینەی عێراق بردراوە، لە كاتێدا ئەم بڕە پارەیە دەكاتە بودجەی چوار ساڵی عێراق بە پێوەری بودجەی ساڵی 2014 .دادوەر محەمەد كۆن ئەلشیباوی ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ئومێد بۆ نەمانی گەندەڵی گوتی: "بێ هیوام لە نەهێشتنی گەندەڵی لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەندامانی پارتەكانی سیاسی دەستیان هەیە لە گەندەڵیدا".
ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە دۆسییەی گەندەڵی بانكەكان عادل نووری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: " 16 بانكی ئەهلی لە رێگەی بانكی ناوەندیی عێراقەوە و بە چەكی ساختە پارەیان راكێشاوە و ژمارەیەك فەرمانبەر لە نێو ئەو بانكانە دەستگیر كراون و لە میانەی لێكۆڵینەوەكانیشدا ئاشكرا بووە، كە بە ملیۆنەها دۆلار لە رێگەی بانكی ناوەندی عێراقەوە پارە لەو 16 بانكە راكێشراوە و رەوانەی بانكەكانی وڵاتانی دراوسێ كراون".
ئەو زیاتر گوتی: "بەپێی دۆسیەكانی بەردەستیان بۆیان دەركەوتووە كە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار لە سامانی عێراق لەلایەن بەرپرسەكانی باڵاوە و بەشێوازی جۆراوجۆر بە بڕیاری تاكلایەنە بردراوە، هەتا ئێستا نەتوانراوە هیچ كەسێكیان رووبەڕووی دادگە بكەنەوە.
سەبارەت بە هەڵاتنی شەش وەزیر و 53 بەرپرسی حكوومی كە خاوەنی مووچەی تایبەت بوون لە حكوومەتی پێشوودا، عادل نووری دەڵێت: "داوایان كردووە ئەو كەسانە بگەڕێندرێتەوە وڵات بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و گەندەڵییەكانیشیان بۆ رای گشتیی ئاشكرا بكرێن".
ناوبراو گوتیشی: "یەكێك لە گەندەڵییەكانی سەردەمی مالیكی دیارنەمانی ملیۆنەها دۆلارە كە بۆ كڕینی فڕۆكە لە رووسیا خەرج كراوە، كەچی دەركەوت ئەو فڕۆكانە كە گوایە لە رووسیا كڕاون فڕۆكەی عێراقیین كە لە كاتی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق، لە ئێران دەستیان بەسەردا گیرابوو كە هەتا ئێستاش لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا لەسەر ئەو دۆسیە 24 گەورە ئەفسەر بە پلەی لیوا روكن و عەقید و عەمید دەستگیر كراون".
عادل نوری سەبارەت بەو مەترسییانەی لە بەدواداچوونی گەندەڵی بۆیان هاتووەتە ئاراوە گوتی: "لە كاتی بەدواداچوون لە سەر دۆسیەكانی گەندەڵی رووبەڕووی مەترسی زۆر بووینەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانمان هاتووەتە ئاراوە و چەند جارێك تەلەفوونمان بۆ كراوە، تەنانەت حكوومـەتی حەیدەر عەبادیش فشاری زۆری لەسەرە هەتا بەدواداچوون لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی نەكات".