عێراق ــ سوریا ــ
ئەمڕۆ دوای شەڕێكی سەخت كە ماوەی 43 كاتژمێر لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی چەكداری یەپەگە لەگەڵ چەكدارانی داعش بەردەوامبوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی چەكداری یەپەگە توانیان چەكدارانی داعش لە دەروازەی ستراتیژی سنووری نێوان عێراق و سوریا دەربكەن و كۆنتڕۆڵی بكەن.
هاوكات بەپێی ئەوەی كە پەیامنێری ئانادۆڵو رایگەیاندووە، هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە"، توانیویانە لە ناحییەی رەبیعە لە پارێزگای موسڵ دەروازەی سنووری دۆڵی كۆچەر كە دەروازەیەكی ستراتیژی سنووری نێوان عێراق و سوریایە كۆنتڕۆڵ بكەن، ئەمەش دوای ئەوەی چەكدارانی داعش لەو دەروازەیە دەركران.
وەك پەیامنێرەكەی ئانادۆڵو روونیكردەوە، دوای شەڕێكی سەخت كە ماوەی 43 كاتژمێر بەردەوامبوو هێزی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی یەپەگە توانیویانە دەروازەكە لە چەكدارانی داعش پاكبكەنەوە و بیخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.
لەلایەكی دیكەوە فەرماندەیی مەیدانی هێزەكانی یەپەگە ژیار رویار لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەڕێكی سەخت لە نیوان هێزەكانیان لەگەڵ چەكدارانی داعش روویدا كە بووە هۆی داخستنی دەروازەی مرۆیی كە چیای شنگال بە پارێزگای موسڵ دەبەستێتەوە."
رویار ئاماژەی بەوەشدا، چەكدارانی داعش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە هێڵی پێشەوەی چەكدارانی یەپەگە تەقاندەوە كە لە ئاكامدا دوو چەكداری یەپەگە كوژران و چواری دیكەش برینداربوون.
فەرماندەكە راشیگەیاند، لە ئەنجامی هاوكاری هێزی پێشمەرگە، هێزی چەكداری یەپەگە توانیویانە دەروازەی دۆڵی كۆچەر كۆنتڕۆڵ بكەن.