حەلەب
ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتیك ئاسیە عەبدوڵلا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەگەر بێتوو داعش لە رۆژئاوای كوردستان بەھێزتر ببێ ئەوا كاریگەری داعش لەسەر توركیا زیاتر دەبێ و دەبێتە ھەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر توركیا."
ئاسیە عەبدوڵلا لە بارەی ھێرشەكانی داعش بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان گوتی: "ھێرشەكانی داعش بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان نوێ نین و لە مانگی ئادارەوە دەستی بە ھێرش كردن بۆ سەر كۆبانێ كردووە بەڵام لە ١٥ی مانگی ئەیلوولەوە ھێرشەكانی بۆ سەر كۆبانێ چڕتر كردووە و دەیەوێ رێگای گرێ سپی دابخات و تا بەو جۆرە ناوچەكە چۆڵ بكا.
ئاسیە گوتی: "موسڵ و شنگال لە ماوەی دوو سەعاتدا لە لایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كران بەڵام زیاتر لە ١٥ رۆژە بەو پەڕی ھێزی خۆیەوە داعش ھێرش دەكاتە سەر كۆبانێ بەڵام بەرخۆدانی یەپەگە و خەڵكی كۆبانێ رێگرە لە پێشڕەوی داعش و گۆرزی كوشندەیش بەر داعش كەوتووە."
ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتیك لە بەشێًكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "داعش لە چەندین لاوە ھاوكاری سەربازی و تەكنیكی وەردەگرێ و لە ھەموو لایەكەوە ھاوكاری بۆ داعش دێ، ھەر چەند ھێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن بەڵام لە بەرامبەریشدا بەرخۆدانی یەپەگە و خەڵكی رۆژئاوا لە بەرامبەر ئەو ھێرشانەدا بەردەوامە. تا ئەمڕۆ خوا خەڵكی پاراستووە و ھیچ جۆرە كۆمەڵكوژییەك ئەنجام نەدراوە و ماوەی سێ رۆژە تیرۆریستانی داعش بە تۆپخانە خەڵكی سڤیل كۆبانێ یان كردووە ئامانج و لە ئێستادا خەڵكێكی زۆر لە كۆبانێ ژیان دەكەن، ژمارەیەكی زۆر شەھیدمان داوە بۆیە داواكارین لە خەڵك كە لە بەرامبەر ھێرش و پەلاماری تیرۆریستاندا چاوكراوە بێ."
ئاسیە عەبدوڵلا بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "داعش بۆ ھەمووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەترسییە و ئەگەر بێتۆ لە ناوچەكەدا بەھێزتر ببێ و جێ خۆی بكاتەوە ئەوا كاریگەریی و مەترسی زۆری بۆ سەر توركیا و خەڵكی توركیا دەبێ. ئێمە چاوەڕوانی دیالۆگ و ھاوكاری دەكەین، ئێمە دراوسێ توركیاین، داعش بۆ ھەمووی ناوچەكە مەترسییە و تا ئەمڕۆ ئێرە ناوچەیەكی كوردی بوو و گروپی چەكداری تێایدا بوو بەڵام ئەو گروپانە ھیچ جۆرە مەترسییەكیان بۆ سەر توركیا نەبوو بە پێچەوانەوە سنوورەكانی توركیایشیان دەپاراست، ئێًمە رێزمان بۆ ھەوڵی ھاوبەش ھەیە ئەوانەی تا ئەمڕۆ شەڕی داعشیان كردووە یەپەگە و ھێزە كوردییەكان بوونە و بە توانا و دەرفەتی خۆیان شەڕیان كردووە، پێویستە بزانرێ ھەڕەشە بۆ سەر كۆبانێ لە داھاتوویشدا ھەڕەشەیە بۆ سەر توركیا، بەڵام ئێمە لەو باوەڕەدان كە داعش ناتوانێ لە ناوچەكەماندا بەھێز بێ و جێگای خۆی بكاتەوە، چونكە خەڵكی ناوچەكە زێدی خۆی چۆڵ ناكا و شەڕی داعش دەكا پێویستە ھاوكاری و یەكێتی لە نێوان گەلی كورد و توركدا ھەبێ و پێویستە یەك ئامانجمان ھەبێ و لە دژی مردنی یەك مرۆڤ بین."