Hamit Hüseyin
23 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2016
سوپاسالاری پێشمەرگە فەریق جەمال ئیمێنکی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد و گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای عێراق ھەیە و ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بەباشی بەڕێوە دەچێت، تا ئێستاش سوپای عێراق داوای نەکردووە کە هێزی پێشمەرگە ھاوکارییان بکات لەشەڕی ناوەندی مووسڵ، ھەر کاتێکیش داوا بکات بڕیار لە دەستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە کە هێزی پێشمەرگە بۆ هەرشوێنێک بجوڵێنێت".
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەمال ئیمێنکی گوتیشی: "لە پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ ئەرکی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی رۆژھەڵاتی خازر و میحوەری باشیک و ناوەران و فلفێل تا رۆژھەڵاتی وانکێ ،لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ لە 17/11 تاوەکو 24/12 تەواوی ناوچەکە کۆنتڕۆڵکرایەوە و لە تیرۆریستانی داعش پاککرایەوە، ھێزەکانی پێشمەرگە ئەرکی خۆیان بە تەواویی بەجێگەیاند".
فەریق جەمال ئیمێنکی راشیگەیاند: "تەنھا چەند گوندێک ماوە لە سنووری باشووری شنگال کە پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی بکاتەوە، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەش تەواوی خاکی کوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاک دەکرێتەوە، لە ئایندەدا ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو گوندانەش دەست پێدەکات و داعش لە ناوچەکە ناھێڵین".
سەبارەت بە بوونی ھێزەکانی پەکەکە لە شارۆچکەی شنگال، سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێت : "ھیوادارین بەبێ ھیچ ناخۆشییەک، کێشەکانی شنگال چارەسەر بێت، چونکە شنگال سەربە ھەرێمی کوردستانی عێراقە، نەک وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، بۆیە پەکەکە ئەو مافەی نییە خۆی بە خاوەنی شنگال و سنووری شنگال بزانێت".
ھەروەھا گوتیشی: "پێشمەرگە شنگال و کوردانی ئێزدی پاراستووە لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە زیاتر لە ٦٠٠ شەھیدمانداوە بۆ شنگال، سەدان کیلۆمەترمان لە تیرۆریستانی داعش پاککردووەتەوە و پێویست بەوە ناکات پەکەکە موزایەدە لەسەر ھێزەکانی پێشمەرگە بکات".
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوەندی مووسڵ گوتی: "سەرەڕای گەورەیی پارێزگای نەینەوا لەڕووی رووبەر و بوونی ھاووڵاتییانی سڤیل لە نێو شارەکەدا کە ئەمانە بەربەستن لەبەردەم سوپای عێراق، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە بە باشی بەڕێوە دەچێت، پەیوەندیشمان لەگەڵ سوپای عێراق بەردەوامە، تا ئەو ساتەی قسەی تێدا دەکەم سوپای عێراق داوای لە پێشمەرگە نەکردووە ھاوکارییان بکات لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوەندی مووسڵ، ھەرکاتێکیش داوا بکەن بڕیار لە دەست سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە".
دوای رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە 17/10/2016 ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ دەستی پێکرد، لە قۆناغی یەکەمدا پێشمەرگە تەواوی ناوچەکانی دەشتی نەینەوای لە دەست چەکدارانی داعش رزگار کرد و لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵدا سوپای عێراق ژمارەیەک گەرەکی لە بەرەی چەپی مووسڵ کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە، لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکەشدا دانیشتووانی شارەکە رۆژانە بە لێشاو ئاوارە دەبن.