ھەولێر
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی پێشمەرگە لە ھۆلی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر لە پێشانگایەكی وێنەگری دیمەنەكانی شەڕی دژی داعش كە لە لایەن سێ پێشمەرگەوە گیرابوون نمایشكران.
زیاتر لە ٢٠٠ وێنە لەو پێشانگایە نمایش كران و وێنەكانی ئەم پێشانگایە لە لایەن سێ پێشمەرگەی زێرەڤانی بە ناوەكانی نزار میكائیل، جوتیار نایف و خۆشناو خۆشناو لە كاتی شەڕدا گیراون.
بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی عەقید دلشاد مەولود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ماوەی یەك ساڵە لە دژی دوژمنێك شەڕ دەكەین كە ئامانجی لە ناو بردنی ھەموو سامان و سەروەری كوردە ئێمەش بەھەموو شێوەیەك كارە دڕندەكانی ئەو تیرۆریستانە رەت دەكەینەوە و وەك وەفایەك بۆ شەھیدان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریسانی داعش ئەم پێشانگایەمان كردووتەوە تا ھەموو قارەمانیەتی پێشمەرگە و وەفا بۆ شەھیدانی رێگای ئازادی پێشانی جیھان بدەین".
عەقید دلشاد مەولود لە درێژی قسەكانیدا گوتی: "ئەمە رێزلێنانێكی بچووكە بۆ خەبات و وەفایی پێشمەرگە كە بۆ خاكی كوردستان ھەیانە و وەك سەروەریەك لە مێژووی كورد تۆمار بكرێتەوە و من ھەر لێرەوە بە ھەموو پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەڵێم ئێمە سەركەوتوو دەبین و سەركەوتن زۆر نزیكە".
یەكێك لە رێكخەرانی پێشانگایەكە بە ناوی دانا میكائیل دەلێت: "ئەمە ناسینەوی پێشمەرگەیە و زۆر كەس ھەن كە لە دوورەوە ناوی پێشمەرگە و قارەمانیەتیەكانیانی ئەوانیان بیستووە بەڵام با بەو وێنانە ھیمەت و گیانفدای پێشمەرگە بۆ خاكی كوردستان ببینن".