سلێمانی
پێشانگاكە لە نێو بارەگایەكی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە لە فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی كرایەوە، تێیدا جگە لە كەسوكاری شەهیدان، بەرپرسانی باڵای هێزی پێشمەرگە ئامادە بوون.
رێكخەری پێشانگاكە فریال فەیسەڵ لەبارەی پێشانگاكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە پێشانگاكەدا جلوبەرگی بەری 200 پێشمەرگەی شەهیدی دەستی داعش و ئەو كاڵایانەی لەو كاتەدا پێیان بووە نمایش كراوە و لەگەڵ وێنە و ناوی شەهیدەكان خراوەتە ڕوو".
ئاماژەی بەوەش كرد، ئامانج لە كردنەوەی پێشانگاكە ناساندنی هەموو شەهیدەكان بە وڵاتانی دەرەوە و گرنگیدانی ئەو وڵاتانەیە بە بنەماڵەی شەهیدان، ئەوەش لە رێگەی ئەو هەواڵ و رێپۆرتاژانەی ئاژانس و كەناڵەکانی بیانی لەسەر پێشانگاكە بڵاوی دەكەنەوە.
بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێم لاهور شێخ جەنگی لەبارەی پێشانگاكەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "كردنەوەی ئەو جۆرە پێشانگایانە بۆ بەرزراگرتنی یادی شەهیدانمان زۆر گرنگە كە ئێستا لە سایەی خوێنی ئەواندا بەم ئارامییە گەیشتووین و پێویستە حكوومەتیش پشتیوانی ئەو جۆرە پرۆژانە بكات".
شێخ جەنگی هەروەها گوتی: "ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا شەهید بوون گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 300 شەهید". هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد: "پێویستە هەمیشە وریا بین لە بەرامبەر داعشدا لەكاتێكدا ئەو گرووپە لە رومادی و ئەنبار پێشڕەوییان كردووە و توانیویانە چەندین ناوچەی ستراتیژی بخەنە ژێردەسەڵاتی خۆیانەوە، هێزی پێشمەرگەش زیاتر فێری تاكتیكی شەڕی داعش و رووبەڕووبوونەوەیان بووە".
لە بارەی بەشداری هێزەكانی دژەتیرۆر لە پرۆسەی رزگاركردنی ناوچەكانی تری عێراق لە ژێردەستی داعش گوتی: "هێزەكانمان بەشێكن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و سەر بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانن، هەركات فەرمان بكرێت هاوشانی پێشمەرگە لە هەر پرۆسەیەكدا لە هەر جێگایەك بێت، بەشداری دەكەین".
خێزانی یەك لە پێشمەرگە شەهیدەكانی دەستی داعش "شادیە یارە" كە هاوسەرەكەی لە 21ی ئاداری ئەمساڵ لە داقوق شەهید بووە و چوار منداڵی هەیە، داوای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕ لە كەسوكاری شەهیدەكان بداتەوە تاوەكو منداڵەكانیان بتوانن بەشێوەیەكی مامناوەند گوزەران بكەن و لەو دۆخە سەختەی بەسەریاندا هاتووە رزگاریان ببێت.
یاد بەشداربوویەكی تری پێشانگاكە بوو، ئەو لە تەنیشت جلوبەرگ و سەعات و بڕێك پارەی دۆلاری ئەمریكی خوێناوی و كاڵای ترەوە وەستابوو كە لەیەكەم بەشی پێشانگاكە نمایش كرابوو. ناوبراو گوتی: "كوڕی یەكەم شەهیدی پێشمەرگەم بە دەستی چەكدارانی داعش (ئەیوب محەمەد قادر) فەرماندە لە فیرقەی یەكی سوپای عێراقی كە دوای ئاشكراكردنی گەورەترین بنکەی داعش لە رۆژی یەكی كانوونی یەكەمی 2013 لە نزیك شاری رومادی لە بۆسەیەكی چەكدارانی داعشدا بە سەختی بریندار كراو و دوای سێ رۆژ لە نەخۆشخانەیەكی توركیا گیانی لە دەست دا".
ئەو شانازی دەكات بەوەی كوڕی یەكەم شەهیدی دەستی چەكدارانی داعشە، لە هەمانكاتدا داوای یەكڕیزی لە سەركردایەتی سیاسی كورد و پاراستنی خوێنی هەزار و 300 شەهید دەكات كە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپەدا شەهید بوون.