Hemn Baban
10 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2019
ههولێر - AA
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایدهگهیهنێت له پلانه ئهمنییهكهیاندا سەرجەم هێزە ئەمنییەكان بەشدار دەبن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان له لێدوانێكی رۆژنامهوانییدا بە میدیاكانی راگەیاند، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و بۆنەكانی ئادارەوە، بەهەماهەنگیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكەش تیایدا بەشدار دەبن.
بە گوتەی لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان پلانە ئەمنییەكە لە سبەینێوە دەست پێدەكات و تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و گوتی:
"نەورۆزی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشوو جیاواز دەبێت و خەڵك بەوپەڕی دڵخۆشی و لە كەشێكی ئارامدا گەشت و سەیران دەكەن، چونكە پاشەكەوتی مووچە هەڵگیراوە و رۆژ بە رۆژ هەرێم بەرەو ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاووڵاتییان هەنگاو دەنێت". بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر روونیشی دەكاتەوە "ئەم نەورۆزە هاووڵاتییان بە گوڕوتینێكی زیاترەوە بەرەو سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان دەچن و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، هەرچەندە نەیاران و ناحەزانی كوردستانیش چاویان بە پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەكانی كوردستان هەڵنەیەت، بەڵام بە دڵنیایییەوە كوردستان دەچێتە قۆناغێكی باڵاتر و رۆژ دوای رۆژ بەرەو پێشتر دەچێت".
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان هاونیشتمانیانیش دڵنیا دەكاتەوە، هێزە ئەمنییەكان وەك هەمیشە بە شەونخوونی و ماندووبوون و دڵسۆزییەوە ئەركەكانی سەرشانیان رادەپەڕێنن و سەروماڵی هاووڵاتییان دەپارێزن و گوتی:
"پێشبینی دەكرێت بە هەزاران گەشتیار لە عێراق و وڵاتانی دیكەوە بێنە هەرێمی كوردستان، بۆیە تیمەكانمان لە ناوەوەی شار و دەرەوە و شوێنە گەشتیاری و گشتییەكانیش بڵاوەیان پێ دەكرێت و رێ لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەگرن".