ههولێر
رەنگە رەمەزانی ئەمساڵ زەحمەترین رەمەزان بێت بە لای هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، هۆكارەكەشی بۆ كاریگەری قەیرانی ئابووری و هاتنی سەدان هەزار ئاوارەی سووری و عێراقی بۆ هەرێم جگەلەوەش بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تەنگ بە هاووڵاتییان هەڵدەچنێت.
رۆژی پێنجشەممە بە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دادەنرێت، جاران كە رەمەزان دەهات لە بازاڕو شوێنەكانی گشتی قەرەباڵغی و هاتووچۆی هاووڵاتییانت بەرچاو دەكەوت، بۆ ئامادەكاری ئەو مانگە شتومەك و پێداویستیەكانیان دەكڕی كەچی ئەمساڵ وەك ساڵانی پێشتر نییە.
كە هاووڵاتییان و دوكاندارانی شاری هەولێر دێنیتە قسە ئەوان قەیرانی ئابووری و لێكەوتەكانی شەڕی داعش بەهۆكار دەزانن، كە ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردوو نییە.
ساڵی رابردوو لە مانگی شوبات بەدواوە, قەیرانی دارایی رووی لە هەرێمی كوردستان كرد بەهۆی ئەوەی كە حكوومەتی عێراق بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی هەروەها لە حوزەیرانی هەمان ساڵیش كورد رووبەڕووی شەڕی داعش بویەوە، بەهۆیەوە زیانی ئابووری و گیانی زۆری بەركەوت.
هەروەها هەزاران هاووڵاتی لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، جگەلەوەی سەدان خێزانی سووری بەهۆی جەنگی نێوخۆی روویان لە هەرێمی كوردستان كرد ئەمەش كاریگەری راستوخۆی بۆ سەر ئابووری هەرێمی كوردستان دروستكردووە.
هاووڵاتی عەبدوڵڵا عەلی كە دووكانی كڕین و فرۆشتنی خۆراكی هەیە بە ئاگایەوە قسە دەكات، وەك بڵێی لەناو گەمەكانی سیاسی هەرێمەكەیدایە بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو گوتی: "رۆژانە مامەڵە لەگەڵ هەموو هاووڵاتیەك دەكەین، كورد و عەرەب و سووری و ئێرانی هەمووی رووی لە هەولێر كردووە. زۆری بێكارە بەشێكیشیان پارەی خەیاڵیان پێیە بەڵام خەڵكی خۆمان زیانی زۆر بەركەوتووە، بەشی زۆریان مووچە خۆرن كەچی مووچە وەك پێویست نادرێت".
ئەو خاوەن دووكانە كە بە مەلا عەبدوڵڵا ناسراوە، ئەوەشی نەشاردەوە، مانگی رەمەزانی ئەمساڵ جیاوازی زۆرە لەگەڵ ساڵانی رابردوو وەك ئەو گوتی:"ساڵانی پێشووخەڵك خۆی ئامادە دەكرد چەند رۆژێك پێش رەمەزان، دەهاتن شتومەكیان دەكری كەچی ئەمساڵ ئەوە وەك پێویست نییە".
ئەمەل ئەكرەمی تەمەن شەست ساڵ لەگەڵ دەستە ژنێكی هاوڕێی لەناو بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر قسەی بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو كرد و گوتی: "ئەم مانگە من بە مانگێكی سەخت دەیدەنێم لە ساڵانی دوو هەزار بەدواوە، یەكەم ئەم مانگە لەهاویندایە پلەكانی گەرمی هەولێر بۆ چل پلە بەرزتر دەبێتەوە، هەروەها منداڵ و دەورووپشتمان بێ كارن، حكوومەتیش ناتوانێت بەهانای هاووڵاتییانەوە بێت، كەواتە بۆیە دەڵێم رەمەزانێكی سەختە خودا رەحممان بەسەردا ببارێنێت چونكە گەلی كوردستان، میللەتێكی باشە ئەوەتا خەڵكی سووریا و توركیا و ئێران و عێراقیش پەنایان بۆ ئێمە هێناوە".
ئەو خاتوونە بە ئاماژەی دەستی راستی بۆ دووكانەكانی بەرامبەری دەیگوت "لە رەمەزاندا خەڵك زیاتر حەزی بە خواردنی باش هەیە خواستیش لەسەر خواردنەكان زیاتر دەبێت، پێویستە حكوومەتی هەرێم ئاگای لە نرخی كاڵاكان بێت، دووكاندارەكان، زیاد وەرنەگرن".
بەشی زۆری دووكاندارەكان، جیالەوەی قەیرانی دارایی و هاتنی نزیكەی ملیۆن و هەشت سەد هەزار هاووڵاتی و هەزاران ئاوارە بۆ ناوچەكەیان بەوە دەبینن كە بژێوی ژیانیانی قورستر كردووە، لە هەمان كاتدا بەرز بوونەوەی دراوی ئەمریكیش كە لە هەرێمی كوردستان راستەوخۆ هاوشێوەی دراوی وڵات كە دیناری عێراقییە مامەڵەی پێوە دەكرێت. كاریگەری هەیە بۆ سەر قەیرانی دارایی.
ئەسعەد سابیر كە هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتوی هەرێمی كوردستانە دەڵێت "مانگی رەمەزان خێر و بەرەكەتە هەرچەندە تەواوی پێداویستیەكانی ماڵ و رۆژانەمان بەباشی پێ دابین ناكرێت، چونكە ئیشوكارمان قورستر بووە، ئێستا ئەگەر ئیشێك بە پارەیەكی كەم نەكەین، كابرایەكی سووری یان عەرەب دێت بەهەرزانتر دەیكات، چونكە ئەو ناچارە".
زۆربەی هاووڵاتییان لەناو بازاڕی شاری هەولێر قسەكانیان زیاتر لە یەك دەچێت، هەموویان پێیانوایە قەیرانی ئابووری رووی لە هەرێمی كوردستان كردوە، ئەمەش بە ئاسانی هەرێمی كوردستان لێی دەرناچێت.
دیارە قسەی هاووڵاتییان هەروا لە خۆڕا نییە ئەوان لە ژیانی خۆیان و دەورووبەریان دەڕوانن، هەروەها گوێیان لە قسەی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمیش دەبێت، كە ئەو قەیرانە لە چییەوە دروست بووە.
رۆژی 2.6.2015 وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێباز محەمەد هەموو راستیەكی لەبارەی قەیرانی ئابووری لە پێشچاوی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا كرد.
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم گوتی: "زیاتر لە شەش هەزار پڕۆژەمان هەیە هیچ بوودجەیەكی بۆ تەرخان نەكراوە، كەچی تەنیا باسی فەرمانبەران دەكەین، دەبێت ئەم پرسە بەهەند وەربگرین زۆر بەڵێندەر خۆی كوشتووە و هەیە چووەتە دەرەوە زۆر كەسیش بێكار بوون".
رێباز محەمەد باسی لە داهاتی نێوخۆیش كرد كە بەشی هیچ ناكات ئەو نموونەی داهاتی سێ مانگی هێنایەوە و گوتی:"هیچ سەرچاوەیەكی نێوخۆیمان نییە كوردستانی پێ بەرێوە ببەین، مانگی یەكی ئەمساڵ 109 ملیار مانگی دوو 145 ملیار مانگی سێ 150 ملیار دینار داهاتمان بووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بۆ خەرجی و مووچەی نێوخۆی زۆر كەمە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان، مانگانە پێویستی بە 860 ملیار دیناری عێراقییە بۆ تەواوكردنی مووچەی فەرمانبەران".
هۆكارێكی تر كە بووەتە هۆی قەیرانی دارایی لە هەرێم تەنیا نەبوونی داهاتی نێوخۆی نییە بەڵكو ئەوە بۆ ساڵێك زیاترە لە مانگی شوباتی پار ساڵەوە هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە گەمارۆی ئابووری خستوەتە سەر هاوكات هەرێم ساڵێكیشە لە شەڕی داعشدایە ئەمەش تێچوویەكی زۆری دەوێت.
بۆیە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نكۆڵی لەو قەیرانە ناكەن و چارەسەریشی بە ئاسان نابینن، هەر ئەوەش وایكردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بیر لە قەرزی نێو دەوڵەتی بكاتەوە، بەپێی پڕۆژە یاسایەك كە پەرلەمانی كوردستان، رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەرێم دەتوانێت تا پێنج ملیار دۆلاری ئەمریكی قەرز وەربگرێت.
وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێباز محەمەد رایگەیاند ئێمە نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ عێراقییەوە دەفرۆشین، كەچی بەغدا بەتەواوی بوودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە ناكات.
بەپێی دواین راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان. رۆژی 12 ئەم مانگە بڕی 508 ملیار دینار وەك بەشە بوودجەی مانگی ئایاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە و گەیشتوەتە بانكی ناوەندی لە هەولێر".
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، دكتۆر شیرن حوسینی دەڵێت "بەپێی یاسایی بوودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان، بەشی هەیە واتە تریلیۆن و 200 ملیار دینار بەڵام تا ئێستا بەغدا ئەوەی نەناردوە".
هەروەها دكتۆر شیرن بۆ ئانادۆڵو گوتیشی: "ئەگەر بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقیش بێت، هەرێم رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەكات، كە بڕكەی دەكاتە نزیكەی 900 ملیار دینار كەچی حكوومەتی عێراق 508 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت".