نەتەوە یەكگرتووەكان
پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەچوو و سەرۆكی پەرلەمانی دانیمارك مۆگینس لیككیتۆفت بە سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە هەڵبژێردرا.
مۆگینس چەندین پۆستی حكومی لە دانیمارك بەڕێوەبردوو لە ئێستاشدا سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە.
مۆگینس لیككیتۆفت تاكە پالێوراو بوو بۆ پۆسی سەرۆكی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان.
بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو مۆگینس لە كاتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پۆستەكەی دەست بەكار بێت.
مۆگینس لیككیتۆفت دوای ھەڵبژارنی لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوە دا كە دوای ساڵی 2015 بایەخ بەپرسی گەشەپێدان دەدەن و ھەوڵەكانیان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و ئاسایش و مافەكانی مرۆڤ چڕتر دەكەنەوە و ھەوڵ دەدەن كاریگەری و رۆڵی زیاتریان لە جیھاندا ھەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا داواكاری پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی چاكسازییەكان و ھەڵبژاردنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە شەفافانەتر بەڕێوەبچێت، راشیگەیاند؛ "بە تایبەتی زۆر گرنگی بە چاكسازیەكانی نێو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدەن".
دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی گشتی مۆگینس لیككیتۆفت وەڵامی چەند پڕسیارێكی رۆژنامەنووسانی دایەوە. سەبارەت بوونی فەڵەستین بە ئەندامی هەمیشەیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند؛ "من پشتگیری لە داواكارییەكانی گەلی فەڵەستین دەكەم، بەڵام بەرپرسیاریێتی ئەوەم نییە بەڵێنی بەئەندامبوونیان پێ بدەم. بەڵام لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئێمەدا گرنگی زۆر بە پرسی فەڵەستین دەدەین".
مۆگینس لیككیتۆفت سەبارەت بە ھێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە و داگیركردنی خاكی فەڵەستین و دروست كردنی یەكەی نیشتەجێبوون بە شێوەیەكی نا یاسایی رەخنەی لە ئیسرائیل گرت.