قاھیرە
دادگای تاوانەكانی قاهیرە لە كەیسی سیخوڕی كردن و هەڵكوتانە سەر گرتووخانەكان بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی میسر محەمەد مورسی و رێبەری گشتی كۆمەڵی ئیخوان موسلمین محەمەد بەدیع و ژمارەیەكی دیكە لە سەركردەکانی ئیخوان موسلمین داسەپاند.
دادگا هەروەها بڕیاری دا بە داسەپاندنی سزای لە سێدارەدان بە سەر ھەر یەك لە سكرتێری گشتی پارتی ئازادی و دادپەروەری محەمەد سەعد كەتاتنی، جێگری سەرۆكی رێبەری گشتی ئیخوان موسلمین خیرەت ئەشاتر و سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار ئەحمەد عبدلات.
پێشتریش دادگایی تاوانەكانی قاھیرە مورسی و 121 كەسی دیكەی لە دۆسیەی سیخوڕیكردن دادگایی كردبوو و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركردبوون و دۆسیەكەی رەوانەی موفتی كردبوو.
ئەمڕۆ دادگا دوابڕیاری خۆی لە مەڕ كەیسەكە دا و سەرەتا دادگا سزای لە سێدارەدانی بۆ ھەر یەك لە سكرتێری گشتی پارتی ئازادی و دادپەروەری محەمەد سەعد كتاتنی، جێگری سەرۆكی رێبەری گشتی ئیخوان موسلمین خەیرەت ئەشاتر و سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار ئەحمەد عبدلات و 16 كەسی دیكە دەركرد و سزای زیندانی تاھەتایشی بەسەر سەرۆكی لە كار لادراوی میسر محەمەد مورسی و رێبەری گشتی ئیخوان موسلیمن محەمەد بەدیع و 17 كەسی دیكە داسەپاند.
دادگا ھاوكات سزای زیندانی حەوت ساڵی بەسەر سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری سەردەمی مورسی محەمەد ئەلتەھتاوی و جێگرەكەی ئەسەد شێخە داسەپاند. تۆمەتبارێكیش لە ماوەی لێكۆڵینەوەكاندا گیانی لەدەست دا.
بەڵام ئەمجارە سەرۆكی لە كار لادراوی میسر محەمەد مورسی و سەرۆكی رێبەری گشتی ئیخوان موسلمین محەمەد بەدیع و سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئاینی جیھانی یوسف قەرەزاوی لە كەیسی "ھێرشیكردنە سەر گرتووخانەكان" دادگایی كران و دادگا سزای لە سێدارەدانی بەسەریاندا سەپاند.