سلێمانی
سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوەكانی ناحكوومی ئەكرەم محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ژمارەی رێكخراوەكانی ناحكوومی و پلانی داهاتووی فەرمانگەكەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەش كرد كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە زۆربەی رێكخراوەكان پڕۆژەیان نەماوە.
ئەكرەم محەمەد گوتی: "فەرمانگەكەمان لە پرۆسەی تۆماركردنی رێكخراوەكان بەردەوامە و ژمارەی رێكخراوەكان گەیشتووەتە دوو هەزار و 300 رێكخراو، هەروەها لە رووی پشتیوانی دارایی پڕۆژەی رێكخراوەكانیشەوە بەهۆی ئەو قەیرانەی كە دروستبووە ناتوانیین ئەو هاوكارییەی رێكخراوەكان بكەین، بەڵام داوامان لە كۆمپانیاكان و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی كردووە هاوكاری رێكخراوەكانی كوردستان بكەن".
سەرۆكی فەرمانگەكە ئاماژەی كرد بەوەی، حكوومەتی هەرێم ساڵانە 15 ملیار دیناری بۆ هاوكاری رێكخراوەكان تەرخان دەكرد، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ئەو پشتیوانییە وەستاوە و بۆ داهاتوو بەرنامەمان داناوە داوی قەیرانی دارایی داوای بڕە پارەیەكی زیاتر بكەین بۆ پڕۆژەی رێكخراوەكان بەتایبەت بۆ ئەو پڕۆژانەی كە حكوومەت دەیەوێت لە رێگەی رێكخراوەكانەوە بە ئەنجامیان بگەیەنێت.
ئەو هەروەها گوتی: "بڕانی پشتیوانی رێكخراوەكان كاریگەری گەورەی لە چالاكی و پڕۆژەكانی رێكخراوەكان كردووە و لە ماوەی ئەمساڵدا تەنها 423 رێكخراو پڕۆژەیان پێشكەش كردووە".
ئەوەشی گوت، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی رێژەی كەمی ستافی فەرمانگەكەوە نەتوانراوە بە شێوەیەكی باش بەدواداچون بكرێت بۆ پڕۆژەی رێكخراوەكان، بەڵام بۆ داهاتوو پلانی تۆكەمەیان هەیە.
فەرمانگەی رێكخراوەكانی ناحكوومی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە و سەرپەرشتی كاری رێكخراوەكان دەكات.