سلێمانی
دوای رێكەوتنی نێوان لایەنەكانی سیاسی لە پارێزگای سلێمانی بۆ پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی شارەكە و بەشداری لایەنەكانی براوە لە پۆستە حكومییەكانی شارەكەدا، ماوەی مانگێكە پرۆسەی ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە نێوان لایەنەكاندا دەستی پێكردووە.
لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991 و ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان لە ژێر دەستی رژێمی ئەو كاتەی عێراق، پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندایە و گلەیی بەردەوامی لایەنەكانی تر ئەوە بووە كە هیچ پۆستێكیان لە بەڕێوەبردنی شارەكەدا نەبووە.
لە دوای هەڵبژاردنی 30 نیسانی ساڵی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و دەركەوتنی دەرەنجامەكان، لایەنەكانی براوەی شارەكە تا ئێستاش نەگەیشتونەتە رێكەوتنی كۆتایی لەسەر دابەشكردنی تەواوی پۆستەكان بە جۆرێك تا ئێستا تەنها لیستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لیستی خزمەت لەسەر دابەشكاری پۆستەكان رێكەوتوون، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی رێكەوتنەكانە و لەسەر پشك و ئەو پۆستانەی داوای دەكات لەگەڵ لایەنی براوەی یەكەم و دووەم ناكۆكییان هەیە.
زۆربەی پۆستەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە نێوان هەردوو لایەنی براوەی یەكەم و دووەم (بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان) دابەشكراوە، لیستی سێهەمی نێو ئەنجوومەنەكەش (خزمەت) كە لیستی هاوبەشی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە 17 پۆستیان بەركەوتووە لە جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەرێوەبەری ناحیەكان.
لەو چوار چێوەیەدا ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدایە كاندێكی لیستی خزمەت پۆستی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی وەرگرت.
بەڕێوەبەرە نوێیەكەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی عومەر گوڵپی بە ئامادەبوانی رێوڕەسمەكەی گوت: "ئەركێكی قورسە كە ئەمڕۆ دەیگرمە ئەستۆ بەڵام دڵخۆشكەرە كە خۆم لە پرۆسەی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات دەبینمەوە و بەڵێن دەدەم بە شێوەیەكی پیشەییانە كارەكەم بەرێوەبەرم".
ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەو قەیرانەی رووی لە هەرێم كردووە وا دەكات دەست بەسراوە بین لە ئاست ئەو پلان و بەرنامانەی دەمانەوێت بە ئەنجامی بگەیەنین".
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان محەمەد هاودیانی بۆ ئامادە بوانی رێوڕەسمەكە دوا و گوتی: "ئەم ئاڵوگۆڕە لە كاتی ئێستادا دەرەنجامی پرۆسەیەكی دیموكراسییە كە داخوازی هەموو تاكێكی كوردە و خەباتی بۆ كردووە، هەروەها یەكێكە لەو پێوەرانەی لە ئاستی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی گەلانی پێ هەڵدەسەنگێنرێ".
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان 11 كورسی و لیستی خزمەت چوار كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان سێ كورسی ئەنجومەنەكەیان بەدەستهێنا.