بەغدا
ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاخەوان عەبدوڵڵا رایدەگەیەنێت: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی تۆمەتبار نییە بە هۆكاری كەوتنی مووسڵ و لێكۆڵینەوەكانیش ئەو ناگڕێتەوە".
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ، لە 20ی ئەم مانگە پێشنیازی كرد، دەنگ لەسەر بانگهێشتی جێگری سەركۆماری ئێستا نوری مالكی بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكاری كەوتنی مووسڵ بدرێت، بەڵام پێشنیازەكە بە جیاوازی یەك دەنگ تەواو نەكرا".
عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەبارەی ناردنی پرسیار وەك لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكاری كەوتنی مووسڵ بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لێوەكردووە وەك ئەوەی ئەویش بەرپرسیاری كەوتنی مووسڵە، هیچ بنەمایەكی راستی نییە.ئەندامەكەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ روونیشیكردەوە، هەر لایەنێكی نێوخۆ یان دەرەكی پرسیار و پێشنیاز ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دەكەن دەبێت پرسیارەكان بە سیفەتی تۆمەتبار نەبێت، دەبێت بەپێچەوانەوە پرسیاری لێكۆڵینەوە و تۆمەتباركردن ئاراستەی نوری مالكی بكرێت كە ئەو لە كاتی كەوتنی مووسڵ فەرماندەیی گشتی هێزەكانی چەكداری عێراق بوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا تەئكیدی كردەوە، نە بارزانی و نە نوجەیفی لەلایەن لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ تۆمەتبار نیین. لە ماوەكانی رابردوو، ئەندامێكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی مووسڵ رایگەیاند: "هەریەكە لە بارزانی و نوجەیفی و مالكی لە بارەی كەوتنی مووسڵ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت ئەوەیش لە رێگەی ئاراستەكردنی پرسیار كە دەبێت ئەوان وڵامی پرسیارەكان بدەنەوە".