سلێمانی - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە یەکەم کۆبوونەوەی قۆناغی دووەمی گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەھەولێر بەڕێوە دەچێت.
ئاکۆ حەمەئەمین ئەندامی شاندی گفتوگۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەکۆبونەوەی یەکەمدا بەشێوەیەکی گشتی باسمان لەبنەما گشتییەکان کرد، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر وردەکارییەکانی پێکھێنانی حکومەت گفتوگۆ دەکەین."
ئاکۆ حەمەئەمین ئەوەی ڕەتکردەوە بزووتنەوەکەی لەسەر پۆستێکی دیاری کراو یەکلابووبێتەوەو گوتی: "ھەموو پۆستەکان بەلای ئێمەوە گرنگەو تا ئێستا لەسەر ھیچ پۆستێک یەکلا نەبوینەتەوە کەداوای بکەین، ئەوە دەکەوێتە سەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەگەر بگەینە ئەنجام بابەتەکە یەکلا دەبێتەوە، ئەگەرنا پێویستی بەکۆبوونەوەی دیکە دەبێ."
بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن بێ.
بەپێی گوتەکانی ئاکۆ حەمەئەمین، گۆڕان دەیەوێ بەرنامەی بزووتنەوەکەی لەناو کارنامەی حکومەت جێگە بکاتەوە: "تەوەرەیەکی سەرەکی کۆبونەوەکانی ئەمڕۆ گفتوگۆکردن دەبێ لەسەر بەرنامەی حکومەت، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کەبەرنامەی حکومەت بەرنامەی ھەموو ھێزولایەنەکان بێ، دەمانەوێ بەشێک لە بەرنامەکانمان لەناو کارنامەی حکومەت جێ بکەینەوە."
بڕیارە دوای بزووتنەوەی گۆڕان ، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ وەفدی لایەنەکانی دیکە کۆبێتەوە.
دڵشاد شەھاب ئەندامی شاندی گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ AA گوتی: "قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و پشکی لایەنەکان دەبێ، ھەر لایەنێکیش دوای قۆناغی یەکەمی گفتوگۆکان کۆبوونەوەی سازداوەو ئەندامانی گفتوگۆو ڕاوێژیان لەوبارەیەوە کردووە."
لەقۆناغی یەکەمی گفتوگۆکاندا وەفدی تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کەبراوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە بە (٣٨ کورسی) سەردانی ھەریەک لەلایەنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (١٨کورسی)، بزووتنەوەی گۆڕان(٢٤ کورسی)،یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان(١٠ کورسی)، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان (٦ کورسی)، لایەنەکانی حزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و حزبی سۆشیالیست و ئاراستەی سێیەمی کرد کەھەریەکەیان خاوەنی کورسییەکن.