سلێمانی
ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو نوێنەرانی ١٣ حزبی کوردی لەشاری کەرکوک لەبارەگای مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانی لەو شارە کۆبونەوەو ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی لیستێکی ھاوبەش بەناوی (کەرکوکی کوردستانی) بۆ بەشداری کردن لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەبڕیارە مانگی نیسانی داھاتوو ئەنجام بدرێ.
دوێنێ سێشەممە پارتی دیموکراتی کوردستان کشانەوەی خۆی لەلیستەکە ڕاگەیاند، بەوەش لیستە ھاوبەشەکە ھەڵوەشێنرایەوە، لایەنەکان بڕیاریانداوە بەلیستی جیا بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، شۆڕش ئیماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کشانەوەی لایەنەکان لەو لیستە ھاوبەشە بۆ ئێمە شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە ھاوڕابووین لەکەرکوک دوور لە حزبایەتی و بۆ بەرژەوەندیی گشتی کاربکەین، ڕێ نەدەین وەک ھەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگەکانی کورد پەرش و بڵاو ببێتەوە."
شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "یەکڕیزیی کورد لە بەرژەوەندیی یەک لیستدا نییەو خزمەتێکە بە تەواوی کۆمەڵانی خەڵک، وەک یەکێتی ھەست بەنیگەرانییەکی گەورە دەکەین کە نەمانتوانی لەوشارەدا یەک ڕیز بین."
بەرپرسەکەی یەکێتی دەڵێ کەرکوک ناوەندی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و چەقی ململانێکانی نێوان حکومەتی ناوەندو ھەرێمە، جیاوازی زۆری ھەیە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە.
ھۆکاری ھەڵوەشانەوەی لیستە ھاوبەشەکەی لایەنە کوردییەکان لەشاری کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ دیاری کردنی نەجمەدین کەریم پارێزگاری شارەکە وەک سەرۆک لیست. نەحمەدین کەریم لەلایەن یەکێتییەوە دەستنیشانکرا بۆ ئەو پۆستە، ئەوەش نیگەرانیی لای پارتی دیموکراتی کوردستان دروست کرد.
لەدوای دەست بەکاربونی نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک، ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ی. ن. ک لەگەڵ پ. د. ک لەو شارە زیاتر ڕەنگی دایەوە.
بەرپرسانی پارتی لەشارەکە پارێزگاری کەرکوک بەوە تۆمەتبار دەکەن دژایەتیی ئەوان دەکا لەشارەکەو گوایە بەشێک لەبەرپرسانی ئەو حزبەی لەپۆستە حکومییەکان دوور خستۆتەوە.