ھەولێر
پرسی رێگریکردن لە ھاتنی ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات لە سوریا (ساڵح موسلیم) بۆ ھەرێمی کوردستان ئاڵۆزتر دەبێ و ساڵح موسلیم وەڵامی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی دایەوە و گوتی" حەمید دەربەندی دەیەوێ رێگا نیشانی ئێمە بدات. دەڵێ یا بچن لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەددا ببن یەک، یان بێن بکەونە ژێر دەسەڵاتی ئێمە. مانای گوتەکانی حەمید دەربەندی ئەوەیە."
حەمید دەربەندی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: ساڵح موسلیم بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتانی دیکە بکات دەتوانێ لە رێگەی فرۆکەخانەکانی ئەنقەرە، تاران، دیمەشق و بەغداوە بە ئاسانی سەفەر بکات و پێویستی بە ھەرێمی کوردستان نییە.
ساڵح موسلیم کە ھێشتا لە ناوچەی درێک چاوەڕوانی وەڵامە، گوتی "پارتی دیموکراتی کوردستان بە رێگەگرتن لە من دەیەوێ کاریگەری خۆی لە سەر کوردانی رۆژئاوا زیاتر بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لە پارتی ئازادی و ئەلپارتی دەکات لە رۆژئاوا، بەڵام ئێمە دەزانین کە لە رۆژئاوا گەلی کورد لەگەڵ ئێمە دایە. ئەمە پلانێکە، ئێمەیش ھیچ کات بە ھۆی ئەو پلانانەوە خۆمان ناخەینە ژێر کۆنترۆڵی رژیم یا ھەر لایەنێکی دیکە. ئێمە شەرەفمان ھەیە و رێگەی دیکەمان لە بەردەمدایە و دەست و قاچمان نەبەستراونەتەوە، نابێ بە بیانووی ھەڵوێستی پارتی دیموکرات خۆمان رادەست بکەین، ئێمە مرۆڤی خاوەن شەرەفین شتی لەو چەشنە قبوڵ ناکەین."
ساڵح موسلیم گوتی "لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی سوریا جارجار بۆ کاروباری سیاسی سەردانی ھەولێرم کردووە، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٢وە ھەمیشە لە ھەولێر بوومە، نزیکەی یەک ساڵ و نیوە لە ھەولێرم، پێَشتر لە رۆژئاوا بووم."
موسلیم گوتەکانی ئازاد جوندیانی بە بیر ھێنایەوە کە گوتبووی " ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاگاداری ئەو پرسە نین." و گوتی" بۆمان روون بووەتەوە کە ئەوە تەنیا بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستانە."