Heman Hussein Yaseen
16 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2020
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئێف لۆدریان گەیشتە ھەولێر و لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لێکرا.
جان ئێف لۆدریان کەمێک لەمەوبەر بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی و کۆنسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر، ئۆلیڤیێ دیکۆتینی پێشوازی لێکرا.
لۆدریان لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان ئێف لۆدریان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە و دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن ئاماژە بەوەکرد کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ بەغدا پاڵپشتیی عێراقە لەلایەن فەڕەنساوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، ھەروەھا سەروەریی عێراق کارێکە ناتوانرێت نەرمی تیادا بنوێنرێت و وڵاتەکەی لە ھاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت.
لۆدریان راشیگەیاند کە عێراق دەتوانێت لە ھاوکێشەکانی ناوچەکە باڵانس رابگرێت و جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی لە سەرەوەری عێراق دەکات.
جێی ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئێف لۆدریان کە پێشتر وەزیری بەرگریی فەڕەنسا بوو چەند جارێکی دیکە سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، یەکەم جاریش وەکو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و، ھاوکات رۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ جارێکی دیکە سەردانی عێراقی کرد و رۆژی دواتریش سەردانی ھەولێری کرد و لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.