Büşra Selvi Öğütcen
06 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2023
پەکین - AA
وەزیری دەرەوەی چین، چین گانگ لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی، کاترین کۆلۆنا کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵیی شینخوا بڵاوی کردەوە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا کە یاوەری سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن دەکات لە سەردانەکەیدا بۆ چین لە پەکین پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، چین گانگ تاوتوێ کردووە.
هاوکات چین گانگ ئاماژەی بەوە داوە کە بە گرنگییەوە لە سەردانەکەی ماکرۆن دەڕوانن و رایگەیاندووە کە دەیانەوێت هاوبەشی ستراتیجیی هەمەلایەنەی چین و فەڕەنسا و هاوکارییەکان لە زۆر بواردا بەرەو ئاستێکی بەرزتر ببەن.
بە بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ساڵی ٢٠٢٤ دەبێتە ٦٠ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چین گانگ ئاماژەی داوە بە گرنگیی پەرەپێدانی دیالۆگ و هاوکاری لە زۆر بوار و کەرتدا.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، فەڕەنسا لە روانگەیەکی ستراتیجییەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین دەڕوانێت.
کاترین کۆلۆنا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت هاوکاری لەگەڵ چین لە بوارە جیاوازەکاندا قووڵتر بکەنەوە و رایگەیاندووە، ئامادەن پێکەوە بەرەنگاری ئاستەنگە جیهانییەکان ببنەوە.
دوێنێ چوارشەممە، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پەکین پایتەختی چین.