Hamit Hüseyin
19 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
ھەولێر
لە چوارچێوەی پتەوکردنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق و پاڵپشتیکردنی لە بەرامبەر تیرۆر، وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەندا، بەلجیکا و لۆکسەمبۆرگ سەردانی بەغدایان کرد و دواتر بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ھەرێمی کوردستان.
ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا، بێرت کۆندەرس، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، دیدییە رێندرز و وەزیری دەرەوەی لوکسەمبۆرگ، جۆن ئەسێلبۆرن لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتنە ھەولێر گەیشتنە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم پێشوازییان لێکرا.
بڕیارە سبەینێ وەزیرانی دەرەوەی ھۆڵەندا و بەلجیکا و لۆکسمبۆرگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ھەرێم کۆببنەوە.
لە بارەی سەردانی ئەو وەزیرانە بۆ ھەرێمی کوردستان گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان،سەفین دزەی گوتی: "ئەم سەردانە بۆ ئەوەیە تا ھاوکارییەکانی ولاتانی ئەورووپا بۆ ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری هاوکاریی مرۆیی ئاوارەکان زیاتر بکرێت و ھەروەھا لە گەڵ ھاتنی داعش زۆر سەرکردە و سەرۆک پەرلەمان و سەرکۆمار و وەزیرانی وڵاتان سەردانی ھەرێمیان کردووە، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی دەنگ و رەنگی ھەرێم و ھەورەھا پێشمەرگە بە جیھان بناسرێت کە تاکە ھێزە توانی بەرنگاری داعش ببێتەوە و پارێزەری ھەموو پێکھاتەکان بووە، و ھەورەھا باردۆخی ھەرێمی کوردستان لە رووی سیاسیی و ئابووری و ئەو قەیرانانەی کە رووی تێ کردووە و بە تایبەتی پێداویستی جەنگ و ھاتنی ئاوارەکان ھەمووی باس دەکرێن".
دزەیی گوتیشی: "ئومێدەوارین دوای ئەو شەرە باردۆخی ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری بەرەو باشی بچێت، بۆ پرسی رێفراندومیش باشترە لە گەڵ بەغدا بگەێن بە ئەنجام و بۆ ئەو باردۆخە ئێمە ئەولەویاتی دیکەمان ھەیە".
ھاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ کە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە دەستیپێکردووە و جەنگی داعش لە چەند شوێنێکی دیکەیعێراق، ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی دنیا و ناوچەکە بەردەوامە.