Hemın Othman Mohammed
17 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2016
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند: "ئەو شەپۆلی هێرشەی كە پێش 7ی حوزەیران دەستی پێ كرد، پاش 7ی حوزەیران تەواو بوو بە دەستەواژەی جەنگ. ئێمە لەوانە نین كەخۆمان بێچارە بەرامبەر دۆخی ئێستا ببینین و گۆڕەپانیان بۆ چۆل بكەین و بڕوین. هەروەها چارەسەر لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا هەنگاونان نییە بۆ دواوە، هەدەپە لەوانە نییە كە سازش لەسەر هێڵەكانی بكات. مادام ئەو هێڵەمان ئەو سەركەوتنەی بەدەست هێنا و هێندە دەستی چەپەڵ دەترسێنێت، پێویستە سووربین لەسەری".
دەمیرتاش، ئاماژەی بەوە كرد كە هەدەپە لە یەكەمین كۆنگرەی ئاساییدا هەم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیش لە ناوخۆی وڵاتدا بووە رچەشكێنی مێژوویی، ناشتوانین پێشبینی بكەین كە تا چەندە درێژەی دەبێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، باسی لەوە كرد كە هەدەپە بەو متمانەیەی لەم قۆناغەدا لە گەلی وەرگرتووە، بە دروشمی بنیاتنانی داهاتووی خۆی كەوتەڕێ، ئەوەش نەك تەنیا لە پێناو گەلانی توركیادا، بەڵكو كاری بۆ تەواوی كۆمەڵگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كردووە.
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدان زۆر سەختە، بەڵام بە پێشبینی كردنی ئەم دۆخە ئەوان كەوتوونەتەڕی. لەبەرئەوە سێ هەڵبژاردنی گەورەیان تێپەڕاندووە، پرۆسەكانی هەڵبژاردنیش بە كردەیی بوونەتە بەربەست لەبەردەم سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی رێكخستنی ناوەندی گشتیی.
دەمیرتاش، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەگشتی ترس پەلی بەسەر كۆمەڵگادا هاویشتووە و گوتی: "لە 7ی حوزەیراندا هەدەپە سەركەوتوو بوو لە رەوینەوەی ئەو ترسە. ئەوەیش هۆكاری هێرش كردنە سەر هەدەپە بوو بەو توڕەییە زۆرەوە. بە كۆمەڵگای توركیامان گوت پێویست بە ترس ناكات. دەرەنجامێكی كاریگەرمان بەو دەنگە درووست كرد كە بەدەستمان هێنا. بۆ یەكەمجار لە مێژووی كۆماری توركیادا بەو وتانە بە ئازادی یەكسانی دیموكراسیی، بە وتەی رەوا %13مان هێنا. ئەو شەپۆلی هێرشەی كە پێش 7ی حوزەیران دەستی پێ كرد، پاش 7ی حوزەیران تەواو بوو بە دەستەواژەی جەنگ. ئێمە لەوانە نین كەخۆمان بێچارە بەرامبەر دۆخی ئێستا ببینین و گۆڕەپانیان بۆ چۆل بكەین و بڕوین. هەروەها چارەسەر لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا هەنگاونان نییە بۆ دواوە، هەدەپە لەوانە نییە كە سازش لەسەر هێڵەكانی بكات. مادام ئەو هێڵەمان ئەو سەركەوتنەی بەدەست هێنا و هێندە دەستی چەپەڵ دەترسێنێت، پێویستە سووربین لەسەری".