یادی ئەمساڵی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە گیرۆدەی قەیرانێكی دارایی قووڵە، هەروەها مەترسی و هێرشەكانی چەكدارانی داعش لە نزیك سنوورەكانی هەرێم بەردەوامی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند مانگێكە بڕیاری بە پارێزگاكردنی شارەكە تەواو بووە و هەتا ئێستا پارێزگار و پۆستەكانی تر یەكلا نەكراونەتەوە و دەستبەكار نەبوون.
ئەو قەیرانە داراییەش كاریگەریی لەسەر چالاكییەكانی یادەكە هەیە و لەلایەن كۆمپانیایەكی بیانییەوە تێچووی یادەكە خەرج دەكرێت.
یادەكە بە بەشداری بەرپرسانی حكوومی و حزبی و كەسوكاری شەهیدان و نوێنەری وڵاتانی جیهان ئەنجام درا، سەرەتاش بە ئەنجامدانی چەند چالاكی و خوێندنەوەی وتار یادەكە دەستی پێ كرد.
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی یادەكە گوتی: "دوای 27 ساڵ لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، حكوومەتی ناوەندی عێراق بە بڕینی بوودجە و قووتی هاووڵاتییانی كوردستان جارێكی تر نادادوەری بەرامبەر خەڵكی كوردستان دووبارە كردەوە".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "هەڵەبجە ئەمڕۆ نموونەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە و پێویستە لایەنەکانی سیاسی بە زووترین كات لەسەر پۆستەکانی ئیداری شارەكە رێكبكەون".
قوباد تاڵەبانی هەروەها گوتی: "بە پاراستنی یەكڕیزی و كۆدەنگی نێو خۆمان دەتوانین بەرامبەر هەموو مەترسییەكانی دوژمنەكانمان بوەستینەوە، گەورەترین مەترسیش لەسەر كوردستان نەبوونی یەكڕیزییە لە نێوان لایەنەکانی سیاسییدا".
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە لایەنەکانی سیاسی شارەكە كرد کە دەستوبرد بكەن و رێكکەون لەسەر دابەشكردنی پۆستەکانی ئیداری شارەكە لە نێو خۆیاندا، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی تەواوی حكوومەتەكەی نیشان دا.
هۆشمەند تاقانەیەكی پاشماوەی كیمیابارانی هەڵەبجەیە و وەك نوێنەری كەسوكاری شەهیدان قسەی كرد و گوتی: "پێش 27 ساڵ رژێمی عێراق بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن بە چەكی كیمیایی هەوڵی جینۆسایدكردنی گەلی كوردی دا و هەڵەبجەی كردە دەستپێكی هێرشەكان".
هۆشمەند گوتی: "ئەوكات هەموو گەلانی دنیا دەیانزانی سەدام حسێن چەكی كیمیایی لە هێرشەكانیدا بەكار دەهێنێت و بەردەوامیش هاوكارییان دەكرد و چەكی نوێیان دەدایە بەڵام ئێستا پێشمەرگە و كورد بەرگری لە بەهاكانی مرۆڤایەتی دەكەن دژی داعش بەڵام وەك پێویست هاوكاری ناكەن".
ئەو كەسوكارەی قوربانیانی كیمیابارانی شارەكە داوای لە حكوومەتی هەرێم و بەغدا كرد خەم گەرم بن لە ئاست كەسوكاری شەهیدان و قەرەبوویان بكەنەوە، داواشی لە بەغدا كرد وەك تەماشاكار سەیری شارەكە نەكات و قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە.
كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارنی هەڵەبجە داوا دەكەن حكومەتی ناوەندی عێراق بە فەڕمی داوای لێبوردن لە هەڵەبجە بكاو قەرەبوی كەسوكاری قوربانیان بكاتەوەو شارەكەش ئاوەدان بكاتەوە.
دوای پێشكەشكردنی چەند وتار و چالاكییەكی هونەری تر، میوانان چوونە مەزاری شەهیدانی شارەكە و تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.
لەلایەكی ترەوە لە پەرلەمانی عێراق یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كرایەوە
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئارام شێخ محەمەد گوتی:" گەلی كوردستان و خەڵكی هەڵەبجە لە كاتێكدا یادی ئەو تاوانە مەزنە دەكەنەوە، وڵاتەكەمان بەقۆناغێكی هەستیار و مێژوییدا گوزەر دەكات، دوژمنانی كورد لە بەرگێكی تردا هەڕەشە لە بوونمان دەكەن، هاوزەمان بەهۆی ململانێ سیاسییەكانیش خەڵكی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی نەخوازراو بۆتەوە".
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكرد خەڵكی هەڵەبجە چیتر چاوەڕێی وتار و بەڵێن لەكەس ناكات، بەڵكو ئەوەی دەیەوێت بەكردار بیبینێت، كار كردنە بۆ چەسپاندنی بنەماكانی پارێزگایەكی نموونەیی و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری شارەكەیان، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان و چارەسەركردنی بریندارەكان.
دوای تێپەڕبوونی 27 ساڵ بەسەر كیمیابارانی هەڵەبجەدا، هێشتا مەترسییەكانی دووبارەبوونەوەی قڕكردنی بەكۆمەڵی مرۆڤ بەچەكی كیمیاوی لەئارادایە، بەتایبەت كە باس لە دەستكەوتن و بەكارهێنانی چەند جۆرە گازێكی كیمیاوی دەكرێت، لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بەداعش.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لوقمان عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند: "مەترسییەكانی بەكارهێنانی چەكی كۆمەڵكوژی كیمیاوی لەلایەن داعشەوە لە كاتێكدایە كە چەند جارێك داوامان كردووە كە عێراق ببێتە ئەندامی رێككەوتنی رۆما و ئەو داواكارییەشمان دایە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، چونكە بەگوێرەی ئەو رێككەوتننامەیە كە رێكخراوی ICC بەدوادا هاتووە، دەتوانرێت لەهەر وڵاتێكی ئەندامی رێكخراوەكەدا تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام بدرێت رێكخراوەكە لێپێچینەوە بكات، بەمەرجێ ئەندام بێت و واژۆی رێككەوتننامەكەی كردبێت. هەرچەندە لەساڵی 2005دا عێراق بۆماوەی هەفتەیەك چووە نێو رێككەوتننامەكە بەڵام دواتر كشایەوە، بۆیە بە بەردەوامی عێراق لەژێر مەترسی تاوانی جینۆساید دایە".
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیان داواش لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات "كاری جددی بكرێت لەسەر بنەبڕكردنی چەكی كۆمەڵكوژ و بەتایبەتی لە سنووری ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە ململانێیەكی قورسی سیاسی لە ئارادایە. بۆیە ئێمە دەرك بەو مەترسیانە دەكەین و دەترسین كارەساتێكی تری هاوشێوەی كیمیابارانی هەڵەبجە لە دەستی خەڵكانێكی وەكو داعش بكەوێتەوە. ئەوەش ئاسەوارەكانی چەندین ساڵی تر دەردەكەوێت وەك ئەو ئاسەوارانەی چەكی كیمیاوی بەكارهێنراو لەهەڵەبجە كە ئێستە دەركەوتوون".
عەبدولقادر گوتیشی: "دەبێت لە پرسی دەستكەوتنی چەكی كیمیاوی لەلایەن داعشەوە بەهەند وەربگیرێت و ئەو پرسە فەرامۆش نەكرێت چونكە فراوانبوونی گرووپەکانی توندڕەو و بەتایبەتی كرانەوەیان بەڕووی وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بەوەی سەدان و هەزاران ئەورووپی و بیانی ئەندامن تێیدا مەترسی گەورەیە. بۆیە بێدەنگبوون لێیان و دانەنانی سنووری جددی بۆ چالاكییەكانی داعش لە بواری بەرهەمهێنانی چەكی مەترسیداری كۆمەڵكوژدا ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەڵەبجەیەكی تر زیاتر دەكات".
لە 16ی ئازاری 1988 دا فڕۆكەکانی جەنگی رژێمی پێشووی عێراق بەبۆمبی كیمیاوی بۆمبارانی هەڵەبجەیان كرد و لە ئەنجامی كیمیابارانەكەدا 5000 شەهید و هەزاران بریندار و سەدان كەس بێسەروشوێن بوون لەگەڵ ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی تر.