دیمەشق
بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە نزیكەی ٦.٥ ملیۆن كەس لە ماڵ و حاڵ بوونە، هاوكات نزیكەی سێ ملیۆن وەك پەنابەر لە دەرەوەی سوریا دەژین.
بڕیارە سبەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوریا بەرێوە بچێ، لە كاتێكدا كە زیاتر لە ١٦٠ هەزار كەس بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە لەو وڵاتە كوژراون و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سوریا لە دەرەوەی وڵاتەكەیانن، جگە لەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ سازكردنی هەڵبژاردن نییە كە بڕیارە لە چەند ناوچەیەكی سوریا بە دیمەشقەوە ساز بكرێ و بە چاوی رەوایەتی سەیری حكومەتی هەڵبژێردراوی داهاتوو ناكا كە كاندیدانی سەرۆكایەتییەكەی پێكهاتوون لە بەشار ئەسەد و كەسە نزیكەكانی.
بەپێی زانیارییەكانی ناوەندی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا لە لەندەن، ژمارەی كوژراوان لە سوریا ١٦٢ هەزار كەسی تێپەڕاندووە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی سوریا رایگەیاندوە، "٩٥%ی خاكی سوریا رووبەڕووی هێرش بووەتەوە، هەروەها نزیكەی 6.5 ملیۆن كەس لە ناوەوەی وڵات بێ ماڵ و حاڵ بوونە، ژمارەی پەنابەرانی سوریا لە وڵاتانی عێراق، توركیا، لوبنان، ئوردن، میسر گەیشتووەتە سێ ملیۆن كەس. بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەركەوتنی هەر ئەنجامێك رەوا نییە."
تەنیا پۆستەری ئەسەد دەبینرێ
میدیا و راگەیاندنكاران بۆ كاری رۆژنامەوانی و سازكردنی هەواڵی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوریا، دەبێ مۆڵەت لە وەزارەتی راگەیاندن وەرگرن ئینجا كات دەتوانن كاری خۆیان ئەنجام بدەن.
تەنیا وەرگرتنی مۆڵەتەكە بەس نییە، بەڵكو دەبێ ئەو مۆڵەتەی لە وەزارەتی راگەیاندنەوە وەریدەگیرێ پیشانی لایەنی ئاسایش بدرێ لەو ناوچەیەی كە وێنە یان هەواڵ لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەوە دەكرێ، لە چەند ناوچەیەك راگەیاندنكاران دەتوانن كاری خۆیان بكەن، ئەوەش بەهۆی نا سەقامگیری رەوشی ئاسایشەوە لەو وڵاتە.
لەهەموو شوێنەكانی دیمەشق و ناوچەكانی دیكە تەنیا وێنە و پۆستەری ئەسەد دەبینرێ، دوو كاندیدەكەی دیكە وێنەیەكی ئەوتۆیان لە ناوچەكان هەڵنەواسراوە و وەك بڵێی بوونیان نییە. پۆستەری گەورەی ئەسەد لە لایەن لایەنگرانییەوە لەسەر باڵەخانە بەرزەكان هەڵواسراوە.
لەسەر پۆستەرەكانی ئەسەد دروشمەكانی "سەرجەم سەرباز و یەكینەكان لەگەڵ تۆدایە، ئێمە لەگەڵ تۆین، وڵات رزگار بكە" نووسراون، ئەو پۆستەرە گەورانەی هەڵواسراون نازانرێ چ لایەنێك كردوویەتی، بەڵام ئەو پۆستەرانەی لە لایەن كەسی سڤیلەوە هەڵواسراوە ناوی كۆمپانیا و ناونیشانی دروستكەری پۆستەرەكەی لەسەر نوسراوە. هەروەها لە سەرجەم شوێن و بازاڕەكان و ماڵەكانی دیمەشق، وێنەی ئەسەد هەڵواسراوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە دیمەشق بە پیشاندانی بەڵگەی وەرگرتنی مۆڵەتی وەزارەتی راگەیاندن دەتوانێ لە بازاڕەكانی ساڵحییە و پاركی عەرنوس و دەوروبەری وێنە و كاری رۆژنامەوانی بكەن.
حكومەتی دیمەشق رایگەیاند، "٩ هەزار و ٦٠١ ناوەندی دەنگدان و ١١ هەزار و ٧٧٦ سندوقی دەنگدان لە سەرجەم ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەت جگە لە رەقە دامەزراوە."
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوریا لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی رژێمدان، لە شارەكانی دیمەشق، دەرعە، دیرزور، حەسەكە، حەما، حومس، حەلەب، تارتوس، لازقییە، قونەیترا، سوەیدا، ئیدلیب، قامیشلۆ، تەدمور بەرێوە دەچێ.
لەو ناوچانەی كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی لایەنی ئۆپۆزسیۆندایە پڕۆسەی دەنگدان تیایدا ئەنجام نادرێ، وەك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی غۆتە، مولەیحا، جۆبار، كابون، قەدەم، دارەییا، یەرموك، سەیدە زەینەب، تادموون، مودامیە، دوما، بەرزە و هەروەها ناوچەكانی حەلەب كە ٧٠%ی لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنە، لەگەڵ ناوچەی دیروزور كە ٦٠%ی لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنە.
بەرپرسانی ناوەندی هەڵبژاردن بە ناوی رژێمەوە روونكردنەوەیەكیان خستووەتەڕوو، تیایدا هاتووە، "لە بەشێكی زۆری حەما پڕۆسەی دەنگدان بەڕێوە دەچێ، هەروەها لە بەشێكی ناوچەكانی تارتوس، لازقییە، سوەیداش دەنگدان بەڕێوە دەچێ."
لەبارەی دانانی سندوقی هەڵبژاردن لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی لایەنی كورد لە قامیشلۆ، حەسەكە، عەفرین، سەرێكانیێ، كە زۆرینەی كورد نیشتەجێین، زانیاری جیاواز باس دەكرێ.
پێشتر هاوسەرۆكی پەیەدە ساڵح موسلیم لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچە كوردییەكان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو، "لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی پەیەدە رژێم بوونی نییە، لەبەر ئەوە هەڵبژاردن لەو ناوچانە ئەنجام نادرێ و سندوقی دەنگدانیش دانانرێ."
حكومەتی دیمەشق رایگەیاندووە كە لە شاری رەقەی ژێر كۆنتڕڵی داعش سندوقی دەنگدان دانانرێ و هەڵبژاردن بەڕێوە ناچێ.
لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە، كارت یان بەڵگەیەك نییە كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بە خەڵكی سوریا درابێ بۆ دەنگدان، بەڵكو سورییەكان دەتوانن لە رێی ناسنامەوە دەنگ بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەری دووبارەدەنگدان لە لایەن كەسێكەوە بەرز بێ.
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوریا ٢٤ كەس پێشنیاری خۆكاندیدكردنیان پێشكەش كردبوو، یەكێك لەوانە بەشار ئەسەدە، دوای دیاریكردنی كاندیدەكان لە لایەن دادگای دەستووریی بۆ هەڵبژاردن، ناوەكان رەوانەی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا كرا بۆ بڕیاردان لەسەری.
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا كە پێكهاتووە لە ٣٥ پەرلەمانتار، سێ كاندید بۆ سەرۆكایەتی سوریا دیاری كران، لەوانە بەشار ئەسەد سەرۆكی ئێستای سوریا، سیاسەتمەدار ماهیر عەبدلحافز حەججار، وەزیری پێشووی ئەو وڵاتە حەسەن عەبدولڵا ئەل نوری. ئەم سێ كاندیدە كێبڕكێ بۆ سەركەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوریا دەكەن.