Hemin Hüseyin
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2016
لەمیانی بەشداریکردنی لە راگەیاندنی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە کە چەند تەوەرێکی گرنگی لەخۆ گرتبوو.
- ئەنجامی سەردانەکەی بۆ تورکیا
هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ تورکیا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لەو سەردانەماندا لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، باسی ژمارەیەک تەوەرمان کرد وەکو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، لەوەش گرنگتر باسی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و بەغدا کراوە، باسی ئەو نیگەرانییەش کراوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دێتە پێشەوە، باسی ئاوارەکانمان کردووە کە لە ئایندەدا تورکیا چۆن دەتوانێت یارمەتیمان بدات".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەی خۆم لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا باسی مەسەلەی هەدەپەمان کرد و بە تایبەت ئەوانەی کە دەستگیرکراون، هەرچەندە ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی تورکیایە و ئەگەر ئێمە تەنها بتوانین یارمەتی بدەین، ئەگەرنا ئەوە بابەتێکی ئاڵۆزە، بەڵام سیاسیەتی ئێمە رێگامان پێ نادات دەست لە کاروباری ناوخۆی تورکیا وەربدەین و پرسەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە من پێشبینیم دەکرد".
- سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
لە کاتێکدا ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی بە سەردانێک لە ئیماراتە و پێشی سەردانەکەشی، بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لەلایەنەکان کرد کە بکەونە گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان. لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی داوەتنامەیەک لە ئیماراتە و پەیامەکەی بارزانی روون و ئاشکرایە و ئێمە پێشووتریش باسی ئەوەمان کردووە کە دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئەو کێشەیە دروست بوو، ئەوا ئەولەویەتی هەرێمی کوردستان شەڕی داعش بوو، ئەو لایەنەی کە ئەوکات ئەو کێشەیان دروست کرد، دەبوو بیر لەوە بکەنەوە کە ئەولەویەت شەڕی داعشە نەک گۆڕینی ماددەیەک، ئێستاش پەیامی ئێمە روونە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژانە سەردانی بەرەکانی جەنگ دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە لایەنەکان تا چەندە بەرەو پیری پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم دێن و ئەو کاتە ئێمەش ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە چاوەڕێین هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پەراوێزی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوە و دانوستانەکان دەست پێ بکەن، کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن و هەر لایەنێک مەرجی پێشوەختەی نەبێت ئەوا ئێمە لەگەڵیان دادەنیشین بەڵام ئەگەر مەرجی پێشوەختەیان هەبوو ئەوا بێگومان لەگەڵیان دانانیشین".
- مووچەی مووچەخۆران
لەبارەی پاشەوکەتی مووچە و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوە بزانن، ئەو کارەی ئێمە کردوومانە لە ناچاری بووە، ئەگەرنا لە هیچ وڵاتێکی دونیادا سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە نییە، بەڵام ئێمە توانامان ئەوەندەیە و درێخیمان نەکردووە، ئێمە شەو و رۆژ خەریکین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین".
هەرچەندە لەماوەی رابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە پێدانی مووچە بە شێوەیەکی مانگانە دەبێت بێ دواکەوتن بەڵام ئەو سیستەمە بریتییە لە پێدانی رێژەیەک لە مووچەکان و ئەوەی دیکە دەبێتە پاشەکەوت، بەڵام سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە چەند هۆکارێک هەبوون بۆ ئەوەی نەتوانن خشتەکە جێبەجێ بکەن و گوتی: "ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە رێگر لەبەردەم خشتەی پێدانی مووچە، دوو هۆکارن یەکەمیان ئەو تەقینەوە بوو کە داعش کردی لە ناوچەی بای حەسەن و ماوەیەک نەوت راوەستا و دووەمیان لەسەرەتا ساڵی رابردوو رێککەوتنێکمان لەگەڵ بەغدا هەبوو ئەویش سەبارەت بە ناردنی نەوت و ئەویش راگیرا و ئەو دوو هۆکارەش کاریگەری سەرەکی هەبوو کە نەمانتوانی خشتەکە وەکو پێویست جێبەجێ بکەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "مووچەی خەڵک نافەوتێت و زۆر سوپاسی خەڵکیش دەکەین کە لەوە تێدەگەن کە قەیرانمان هەیە و ئەوەی دەگوترێت کە ئێمە پارەمان هەیە و نایدەین ئەوا دڵنیابن مووچەی هیچ کەسێک نافەوتێت و ئەوانەی باس دەکرێت لەبارەی هەبوونی پارە و پێنەدانی مووچە هیچی راست نییە".
- پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە هیچ کێشەیەکی کەسیمان لەگەڵ مالیکی نەبووە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شەش مانگ پێشی ئەوەی داعش مووسڵ داگیربکات هەموو لایەکی ئاگادارکردەوە لەوەی عێراق بەرەو تاکڕەویی و بەرەو دیکتاتۆریەت دەڕوات، بۆیە کێشەی ئێمە لەگەڵ مالکی ئەوە بووە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە لە ساڵئ 2014 کاتێک عێراق میزانییەی ئێمەی بڕی و ئێمە بە ناچاری دەستمان کرد بە فرۆشتنی نەوت و ئێستاش دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە چارەسەرێک هەبێت لەگەڵ بەغدا کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات و ئەوا بە دڵنیاییەوە نەک ئێستا و هەر کاتێک ئێمە ئامادەین بچین بۆ بەغدا و کێشەکەیان لەگەڵ چارەسەر بکەین".
- پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی
لەسەر پرسی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە حەشدی شەعبی کە رۆژی شەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند کرا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە رێزمان هەیە بۆ رۆڵی حەشدی شەعبی کە لەماوەی رابردوودا بەرەنگاری داعش بووەتەوە و رۆڵێکی گرنگی هەبووە، خۆشحاڵین کە هێزی حەشدی شەعبی ببێتە هێزێکی یاسایی لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە دەبوو هێزی پێشمەرگەش بخرێتە سەر هێزەکانی بەرگری عێراقی و هەروەک چۆن لە ئێستادا هەموو پێداویستییەک بۆ حەشدی شەعبی جێبەجێ دەکرێت، ئەوا دەبوو حکوومەتی عێراقی بیر لەوەش بکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە وەکو بەشێک لە هێزەکانی عێراقی شەڕی تیرۆریستان دەکات و بە یاسابوونی حەشدی شەعبی زۆر کارێکی چاکە بەڵام ئێمە نیگەرانین لەو کارە دووفاقییەی بەغدا دەیکات بەرامبەر بە پێکهاتەکان و دەبووایە پێداویستییەکان دابین بکرایە چونکە هەموومان دەزانین کە پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگ و کاریگەی هەیە لە ناوچەکەدا".