سلێمانى - AA
چاودێرانی سیاسی دەڵێن بێجگە لەوەی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێشێل دەکرێ کە دەستەی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکان هەڵنەبژێردراون، هیچ دامەزراوەیەک نییە چاودێریی کاروبارەکانی حکومەتی ئێستا بکا.
ڕۆژى 6/11/2013 ڕێوڕەسمى سوێندخواردن و دەست بەکاربونى پەرلەمانتارانى خولى نوێى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، لەدواى ئەو کۆبونەوەیەوە تائێستا دەرگاى هۆڵى کۆبونەوەکانى پەرلەمان نەکراوەتەوە.
دەستپێکردنەوەى کۆبونەوەکان و هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان پەیوەستە بەڕێکەوتنى سیاسى لایەنەکانەوە لەسەر چۆنێتى دابەشکردنى پۆستە سیادییەکان تا ئەو لایەنانە نەگەنە ڕێکەوتن پەرلەمان کۆنابێتەوە.
ڕاوێژکارى ڕاگەیاندنى سەرۆکى پەرلەمان دەڵێ تائێستا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنى دانیشتنەکانى پەرلەمان دیارى نەکراوە، دواخستنى دەست نیشانکردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانیش بەنایاسایى ناودەبا.
تارق جەوهەر ئەمڕۆ دوو شەممە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى:" لەکۆبونەوەى سوێندخواردنى پەرلەمانتاران هەموو فراکسیۆنەکانى پەرلەمان یاداشتێکیان دایە سەرۆکى کاتى دانیشتن و داواى دواخستنى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانییان کرد."
نیگەرانى بەشێک لە لایەنەکان ئەوەیە تائێستا پەرلەمان کۆبونەوەی نەکردووە، ئەوەیش کاریگەریى خراپى دەبێ بۆ پەسەندکردنى بودجەى گشتى ساڵى 2014.
تارق جەوهەر لەو بارەیەوە گوتى: "دەست نیشان نەکردن و دواخستنى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان، پێشێلکردنى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان و یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازى ئەو داوایەیان کرد."
لەبارەى کاریگەرییەکانى دواکەوتنى دانیشتنەکانى پەرلەمانەوە، ڕاوێژکارەکەى ڕاگەیاندنى پەرلەمان دەڵێ کاریگەریى خراپى دەبێ لە نەبوونى چاودێریى لەسەر ئەداى حکومەت و وەزارەتەکان، دواکەوتنى پێکهێنانى لیژنەکانى پەرلەمان، گفتوگۆکردن لەسەر بودجەى گشتى و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
مەولود باوە موراد، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان، بەهەمان شێوە باس لەلایەنە خراپەکانى دواکەوتنى دانیشتنى پەرلەمان لەسەر بوارە جیاجیاکان دەکا، بەتایبەت لەسەر دواکەوتنى بودجەى گشتى 2014.
باوەموراد بۆ AA گوتى: "لەدواین کۆبونەوەمان لەگەڵ لایەنى پارتى دیموکراتى کوردستان باسى ئەو بابەتەمان کردووە، جەختییان کردەوە لەسەر ئەوەى بەزوترین کات پێکهێنانى حکومەت و پۆستەکان یەکلایی دەکەنەوەو کۆبونەوەکانى پەرلەمان دەست پێدەکا."
ئارام محەمەد ئەندامى وەفدى گفتوگۆکانى بزووتنەوەى گۆڕان دەڵێ هەموو ئەو بابەتانە پاکێجێکن پێکەوەو چاوەڕوانى ئەنجامى دانوستانەکان و ڕێکەوتنى سیاسى دەکا، بەڵام لەگەڵ پارتى لەسەر ئەوە ڕێکن پەلە بکەن لەپێکهێنانى حکومەت.
ئارام بۆ AA گوتى: "دوو بابەتى سەرەکیمان لەگەڵ پارتى باس کردووە، یەکەم بەرنامەى حکومەت کە پێویستە ئاوێنەى بەرنامەى هەڵبژاردنى هەموو لایەنەکان بێ، لەگەڵ بابەتى چۆنێتى پێکهێنانى حکومەت بەڵام ئەم بابەتەیان پەیوەستە بەباتى یەکەم و ماوەتەوە بۆ قۆناغى داهاتوو."