حکومەتی بەریتانیا دەیەوێ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە سەردانی بەریتانیا دەکەن، کەم بکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند: حکومەت دەیەوێ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە روو لە بەریتانیا دەکەن، ساڵانە لە ١٠٦ ھەزارەوە بۆ ٧٥ ھەزار کەم بکاتەوە.
بەریتانیا لە پاڵ ناڕزای بوون لە بەرامبەر سیستمی ئازادیی گەڕان لە ئەوروپا، ھاوکات دەیەوێ ھاوکارییەکانی خۆی بۆ پەنابەران لە پێنج ساڵی یەکەمدا ببڕێ.
بە پێی راگەیەنراوەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، حکومەتی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغە کردنی کارکردنی خەڵکانی بۆلغاری و رۆمانی لە یەکێتیی ئەوروپا ناڕازییە. بەریتانیا لەوە دەترسێ ئەوانە لە داهاتوو روو لە بەریتانیا بکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئەو پەنابەرانەی پسپۆڕن بە پێی پێویست و لە سەر داوای خۆیان، بۆیان ھەیە سەردانی بەریتانیا بکەن بەڵام ئەگەر زۆر پێویست نەبێ ھیچ کرێکارێکی ئاسایی نابێ سەردانی بەریتانیا بکا.
داواکاری بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی روو لە بەریتانیا دەکەن بۆتە ھۆی ناڕەزایی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دێڤد کامیرۆن لە دوایین لێدوان دا ئاماژەی بەوە دابوو حکومەتی بەریتانیا لە سوودمەندبوونی پەنابەران لە ھاوکارییە ماڵییەکانی بەریتانیا ناڕازییە.