سلێمانی
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی لەبارەی پرسی دەستوور و لیژنە 21 كەسییەكەی دەستوور و پرسی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و كێشەی بوودجە و نەوتی نێوان بەغداو هەرێم ، هەروەها ناكۆكییەكانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دوا.
یوسف محەمەد لەبارەی لێژنە 21 كەسەكەی دەستوورەوە گوتی: "ئەو لیژنەیە دەستی بەكارەكانی خۆی كردووە و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا شێوازی كاركردنی خۆیان رێك بخەن و پڕۆگرامێك بۆ شێوازی كاركردنی خۆیان دابنێن، ئەوان دەست بەو ئەركە دەكەن كە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆیان دیاری كراوە".
سەرۆكی پەرلەمان هیوای خواست ئەو لیژنەیە بتوانن لە ماوەیەكی كەمتر لەوەی بۆیان دیاری كراوە ئەو ئەركەی لەسەر شانیانە ئەنجامی بدەن و هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوورێك كە سەقامگیری سیاسی لە هەرێم بهێنێتە كایەوە و جێگەی رەزامەندی هەموو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بێت.
یوسف محەمەد گوتی: "ئەوەی گرنگە لە پرۆسەی دەستووردا ئەوەیە دەستوورێك بنوسرێتەوە كە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژی داهاتوو سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان بهێنێتە كایەوە، ئەگەر نا لە وڵاتانی تر لەوانەش میسر دەستووریان نووسییەوە بەڵام دەستوورەكە بویە هۆی ململانێی زیاتر لە ناوخۆدا".
هەروەها گوتی: " ئێمە دەمانەوێ ئەو دەستوورە نوێیە هۆكارێك بێت بۆ هێنانە كایەی پێكەوە ژیان و سەقامگیری سیاسی و هێنانە كایەی سازان لە هەرێمی كوردستاندا".
ئەو لەبارەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە ئاماژەی كرد بەوەی: "كێشەی یاساییمان نییە لەسەر ئەو پرسەو یاسایەكمان بە ناوی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، كێشەكە ئەوەیە نازانین هەڵبژاردن لە هەرێم دەكرێت یان نا، بۆیە هەندێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكان كە قسەمان لەگەڵ كردون داوا دەكەن سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێم گۆڕانی بەسەردا بێ ئەوەش وەختە كۆدەنگییەكی لەسەر دروست دەبێ و وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان بەردەوام دەبین لە كاركردن لەسەر ئەو پرسەو كاری لە پێشینەمان دەبێت".
سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دواو گوتی:" خوازیاری ئەوەین پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوان هەردولادا هەبێت و پابەند بن بە رێكەوتنەكانی نێوانیانەوە بە تایبەت ئەو رێكەوتنەی لە یاسای بوودجەی عێراقدا چەسپێنراوە".
ئاماژەی بەوەش كرد: "زۆر گرنگە هەرێم لە هەموو سێكتەرەكاندا سەربەخۆیی خۆی هەبێت، حكوومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی لەسەرشانە كە لەكاتی نەناردنی بوودجە لەلایەن بەغداوە بوودجەی هاووڵاتییەكانی دابین بكات".
ئەو لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ رایگەیاند "ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بەو رێكەوتنەوە ئەوكات هەرێم مافی خۆیەتی چانسی تر تاقی بكاتەوە و رێگای تر بگرێتە بەر، هەروەها هەرێم چانسی ئەوەی هەیە بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، لەسەر ئاستی ناوخۆش دەستمان بە پرۆسەی شەفافیەت كردووە و سندوقی داهاتی نەوتمان داناوە و هەمووان ئاگاداری داهات و چۆنێتی خەرجكردنی دەبن".
لەبارەی شەڕی چەند رۆژی رابردوی نێوان چەكدارانی پەكەكە و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سەرۆكی پەرلەمان گوتی: "ئەوەی رویدا شتێكی بچوك و لە ئاستێكی بەرتەسكدا بوو، بەڵام زەنگێكی مەترسیدار بوو بۆ ئێمە و ئەوەی پێگوتین كە هێشتا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چەك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان بەكار دەهێنن و ئامادەن دەست بدەنەوە چەكەكانیان بەرامبەر یەكتر".
هەروەها گوتی: "ئێمە ئەوە بەتەواوەتی رەت دەكەینەوە و ئەو هۆشدارییەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەموو لایەنەكان بوو كە كورد كوشتن بە دەستی كورد هێڵی سوورە و خیانەتی گەورەیە و پێویستە خەڵكی كوردستان لێی بێدەنگ نەبن، داواشمان لە هەردولا كردووە لە رێگەی دیالۆگەوە لەهەر جێگایەك بێت كێشەكانیان چارەسەر بكەن".