وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاولۆ جنتیلۆنی رایگەیاند کە بەهیچ شێوەیەک رێککەوتن لەگەڵ داعش نەکراوە و دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان لەو بڕوایەدان دەبێت بە توندی بەرپرسانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە تاوانکارییانە ئیدانە بکرێن.
دوای نانخواردنی بەیانی، هەردوولا کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییان رێکخست و سەرەتا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن ئاماژەی بەوە دا کە شەڕێکی تری چەکداریی لە لیبیا، دۆخی ئەو ڵاتە بەرەو خراپتر دەبات و هەروەک رۆڵی ئیتاڵیاشی بەرز نرخاند لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر گرووپەکانی رادیکاڵ.
بان کی مۆن نیگەرانی خۆی لە گەیشتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە لیبیا راگەیاند و ئاشکراشی کرد کە ئەو رێکخراوە توندوتیژی زۆر مەترسیدار ئەنجام دەدات.
بان ئاماژەی بەوەشدا راستە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک رێکخراوی یارمەتی مرۆیی، دەتوانن چالاکییەکانیان لە هەندێک شوێن ئەنجام بدەن بەڵام ئەو یارمەتیانەی بە سنووردار وەسف کرد و گوتی هەندێک ناوچە هەن کە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی چەکدارن و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆیان مەحاڵە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە ئێستا لە هەوڵی ئامادەکردنی پلانێکن لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوەکەی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئاراستەی کرابوو دەربارەی رێککەوتنیان لەگەڵ داعش، بان کی مۆن گوتی: "داعش چەندین کاری قێزەون و نامرۆڤانەی ئەنجام داوە، ئێمەش بەردەوام بەتوندی ئیدانەی ئەو تاوانانەیمان کردووە. دەبێت ئەمانە باجی ئەو کردەوانەیان بدەن".
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جنتیلۆنیش لەوبارەیەوە ئاماژەی دا کە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ داعش ئەنجام نادرێت هەروەک دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان لەو بڕوایەدان بەردەوام دەبێت بەرپرسیارانی ئەو تاوانە قێزەونانە ئیدانە بکرێن.