ھەولێر
حەفتەی داھاتوو یەکلایی دەبێتەوە کام لایەنە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بەشداریی پێکھێنانی کابینەی هەشتەم دەبن و پۆستەکانیش چۆنچۆنی دابەش دەکرێن.
نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ، بە پێشکەش کردنی گوتارێک بەشێک لە کارنامەی بزووتنەوەکەی ئاشکرا کرد لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٩، ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار بزووتنەوەی گۆڕان بە ٢٥ کورسی چووە پەرلەمان، نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەکەی خێرا رایانگەیاند بەشداریی حکومەت ناکەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن. چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی مستەفا، توانی ئاستەنگ و قەیرانی سیاسی گەورە بخاتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەرچاوترین قەیران کە بزووتنەوەی گۆڕان هێنایە ئاراوە، بەیاننامە حەوت خاڵییەکەی بوو لە رۆژی ٢٠١١/١/٢٩ کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی دەکرد. ئەو بەیاننامەیە ئالۆزیی گەورەی لێ کەوتەوەو هەردوو حزبی حوکمڕان ی.ن.ک و پ.د.ک بە توندی وەڵامیان دایەوەو هێرشێکی زۆری میدیاییان کردە سەر بزووتنەوەکە.
هەروەها رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ خۆپیشاندانێکی جەماوەریی لە شاری سلێمانی، ئاراستەکەی گۆڕاو خۆپیشاندەران کە بۆ پشتگیریی لە شۆڕشی گەلانی عەرەب لە تونس و لیبیاو میسر رێکخرابوو، چوونە سەر بارەگای سەرەکی پ.د.ک لە شاری سلێمانی. پاسەوانەکانی ئەو بارەگایە بە توندی بەر پرچی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو لە ئاکامدا کەسێک کوژراو زیاتر لە ٦٠ کەس بریندار بوون.
بزووتنەوەی گۆڕان و میدیاکەی بە چڕی پشتیوانییان لەو خۆپیشاندانە کرد کە ئاکامەکەی دوو مانگی خایاند. رووداوەکانی ١٧ی شوبات قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورەی هێنایە ئاراوە.
ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمە. قسەکانی نەوشیروان مستەفا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە کردنی، دڵنیایی دەداتە پێکهێنەرانی ئەو کابینەیە کە چوار ساڵی داهاتوو لانیکەم ئۆپۆزسیۆنێکیان نایەتە سەر رێ کە ئاستەنگی گەورە بخاتە بەردەمیان.
رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی بۆ ئەندامانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونکردەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوەدا ئومێدێکی زۆریان ھەیە بەوەی، لە قۆناغی داھاتوو بتوانن ھەندێک لەو بەرھەمانەی لەشەش ساڵی رابردوو بنیاتیانناوە بیچننەوە.
نەوشیروان مستەفا باسی لە رەوشی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم کرد و گوتی لەو کۆبوونەوانەدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی ئەنجامیانداون، پێشنیازیان بۆ کردوون چوار ساڵی داھاتوو چوار ساڵی ئارامی و پڕ لە ئۆقرەیی بێلە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی بە مەبەستی ھێنانەدی بەرقەراریی دەروونی.
مستەفا کە بزووتنەوەکەی بە ٢٤ کورسییەوە دووەم گەورەترین رووبەری لە پەرلەماندا داگیرکردووە، بەقسەکانیدا گەشبینییەکی زیاتر لەجاران هەست پێدەکرا ئاشکرای کرد لەکۆبوونەوەکاندا لەگەڵ پ.د.ک گەیشتوونەتە ئەو رێککەوتن تا ھەر لایەنێک بەقەد خۆی بەشێک لە کارنامەکانی بخاتە نێو بەرنامەی حکومەتەوە.
نەوشیروان مستەفا ئاشکرای کرد کابینەی ھەشتەم لە ١٩ وەزارەت پێکدێ و حەفتەی داھاتوو یەکلایی دەبێتەوە کامانەن ئەو لایەنانەی بەشداریی حکومەت دەکەن و چۆن پۆستەکان دابەش دەکرێ بەسەریاندا.
ریتمی ھێمنی دەربڕینەکانی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کە بەتەواوی لەوانی پێش خۆی جیادەکردەوە، بەسەر قسەکانیدا زاڵ بوون. پێدەچێ ئەو نەرمییەی ئەو، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ھاوپەیمانە ستراتیژییەکەی پ.د.ک بخاتە دوودڵییەوە لەوەی بەگۆڕان جێی یەکێتی پڕبکرێتەوە.
قسەکانی نەوشیروان مستەفا کە وا لێکدەدرێتەوە بۆ دڵنیایی کردنی براوەی سەرەکیی ھەڵبژاردنە بۆ بەشداریی پێکردنیان لەکابینەی داھاتوو و نەھێشتنی ئەو دوو دڵییەی لەلای بەشێک لەسەرکردەکانی پارتی ھەیە، چەندینجار ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی تێدا دووبارەبوویەوە.
رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان روونیکردەوە بەلای ئەوانەوە گرنگە چوار ساڵی داھاتوو بۆ بەرەو پێشەوەبردنی ژێرخانی ئابووریی و بەدیھێنانی حکومەت و پەرلەمان و شەقامێکی ھێمن بێ. ئەوەیش لە پێناو ھاتنە دی ئاشتبوونەوەی خەڵک لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و پەرلەمان و حکومەتیش لەنێو خۆیاندا.
نەوشیروان مستەفا لەدرێژەی قسەکانیدا کە تەنیا کەناڵی KNN مافی گواستنەوەی پێدرابوو، لە تەوەرێکی قسەکانیدا باسی ئەوەیشی کرد لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون لە قۆناغی داھاتوو دەسەڵاتەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە.
هەروەها لە کۆبووبونەوەکاندا لەگەڵ پارتی زۆر بە روونی قسەیان کردووە و پارتیش رازی بووە لە ئایندە دا ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بەوردی چاودێری کاروبارەکانی حکومەت بکەن.
بە پێداگریشەوە باسی لەوەکرد کە پارتی پێیخۆشە گۆڕان شەریکێکی راستەقینە بێ لەحکومەت و لەداھاتوودا پێکەوە ھاوکاربن بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی.
نەوشیروان مستەفا لەکۆتاییدا رۆڵ و بە جێگەیاندنی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی گۆڕانی بەرز نرخاند و گوتی جێی متمانەی ئەوان و خەڵک بوون و بەرێک و پێکی کارەکانیان ئەنجامداوە لەرابردوودا.