ھەولێر
سیاسەتمەداری کورد لە سوریا عەلی موسلیم دەربارەی بارودۆخی دوایی شۆڕشی سوری و ناوچە کوردیەکان وەڵامی پرسیارەکانی AA دایەوە.
عەلی موسلیم یەکێکە لەو سەرکردە کوردانەی وەکو دەیان سەرکردەی تر سوریا بەجێنەھێشتووە، لەناو جەرگەی رووداوەکان درێژە بەکاری سیاسی خۆی دەدا.
دەربارەی قۆناغی ئەمڕۆی شۆڕشی سوریا، پێیوایە پڵانگێڕیەکی زۆر گەورە لەسەر شۆڕشی سوریا جێبەجێکراوە و دەکرێ:" لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش، چەند وڵات و لایەن دەرگاری پشتگیریان لە شۆڕش کردەوە. بۆ نموونە سعودیە و قەتەڕ، بە رادەیەکی کەمتر تورکیا، ویستیان لەناو شۆڕشی سوریا ئەجێندای خۆیان دروست بکەن، ھەریەکێک لەمانە پشتگیری لایەنێکی ناو شۆڕشیان کرد، بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە لە لایەکەی تر چی دەقەومێ، ئەمە کێشەیەکی گەورەی بۆ شۆڕش دروست کرد، شۆڕش نەیتوانی سەرکردایەتیەکی یەکگرتوو بۆ خۆی دروست بکات. شۆڕش لەم مەسەلەیەدا شکستی ھێنا."
گەنجان لە شۆڕش ساردبوونەتەوە
موسلیم ئاماژە بە رەوشی گەنجان لەناو شۆڕشی سوریا دەکا: "شۆڕش لەھەموو سوریا بەیەکەوە نەبەسترایەوە، ئەمەش ساردبوونەوەی گەنجانی بەدوای خۆیدا ھێنا. بەڵام ئەمەیان تەنیا کاتییە و بۆ خۆسازدانەوە و چاو خشاندەوەیە بە رووداوەکانی سێ ساڵی رابردوو. لەناو سوریا دەژیم ئاگام لێیە گەنجان لێرە و لەوێ خەریکی خۆ سازدان و دووبارە ھەڵسانەوەن. دیسان دەستپێشخەری شۆڕش لەدەستی گەنجاندایە."
ئۆپۆزسیۆنی سوریا و شۆڕش لەناو سوریا یەکتریان تەڵاقدا
موسلیم لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بێ ئەنجامبوونی شۆڕشی سوریا لەماوەی سێ ساڵی رابردوو تەنیا بە ھۆکارە دەرەکیەکانەوە نابەستێتەوە، لەوبارەیەوە رەخنە لە بزوتنەوەی سیاسی لە دەرەوەی سوریا دەگرێت و بە بزوتنەوەیەکی نائامادەی لە قەڵەم دەدا: "بزوتنەوەی سیاسی سوری ئامادە نەبوو، نەیتوانی سیاسەت و شۆڕشی ناو سوریا بەیەکەوە ببەستێتەوە. خەڵکی سوریا لەناوەوە خۆی بەکوشت دەدا، بەڵام سیاسەت نەیتوانی لەگەڵ ئەم رووداوە بڕوات. بۆ ئەمە لەنێوان ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و شۆڕش لەناوەوە تەڵاقدان دروست بوو. دەستی رژێمیش گەیشتە ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا، نەیھێشت ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە پەیوەندی ستراتیژی نێونەتەوەیی دروست بکا، ھەموو ئەو ھۆکارانە کەڵەکە بوون و بوونە ئاستەنگ لەبەردەم شۆڕش."
لەم ماوەیەی دوایی سوپای نیزامی سوریا، لە بەرەکانی جەنگ، چەندین ناوچەی لەدەستی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەرھێناوە. ھاوتەریب لەگەڵ ئەمەش لە ئاستی نێونەتەوەیی دەنگەکان داوای چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا دەکەن.
ئەجێندای ھەرێمی و نێودەوڵەتی لە سوریا
سیاسەتمەداری کورد عەلی موسلیم، ئەو مەسەلەیە بە ئەجێندای رووسی – ئەمریکی و ھاوپەیمانەکانیان دەبەستێتەوە: "رووسیا و ئێران ھەوڵ دەدەن رژێم بمێنێتەوە، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا چەند وڵاتێکی عەرەبیش مەرامی تریان بۆ دواڕۆژی سوریا ھەیە، بۆ ئەمە ململانێیەکی نێونەتەوەیی لەسەر سوریا دروست دەبێ. کاتێک بەرنامەی چەکی کیمیاوی سوریا ھاتە ناو مەسەلەکە ھاوسەنگیەکە گۆڕا، ئەمریکا لە پێناو وەرگتنی ئەو چەکانە فشاری لەسەر سوریا کەم کردەوە، بیرۆکەی بەرەو جنێڤ ٢ ھاتە گۆڕی. بەر لە دوو مانگ مومکین نەبوو، سوپای ئازاد بێ مەرجی پێشوەخت رەزامەندی لەسەر بەشداربوون لە جنێڤ ٢ نیشان بدات، ئەمریکا و ھاوپەیمانانی ئەو ھاوسەنگیەیان بە بەرژەوەندیی ئەسەد شکاند. واقیعێکی نوێیان دروست کرد، سوپای ئازادیان برسی کرد و پشتگیریان لێ بڕێ تا ناچاری بکەن رووبکاتە جنێڤ ٢."
داعش لە سوریا
موسلیم، لە درێژەی قسەکانیدا باسی داعش، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و وڵاتی شام، دەکا و بە دیاردەیەکی نوێ لەناو شۆڕشی سوریا لە قەڵەمی دەدا: "داعش لە بەرەکانی جەنگ ئامادە نییە، بەرەنگاری رژێم نابێتەوە، رژێمیش کوشتنی داعش ناخوازێ. ئەو رێکخراوە بەبێ ئەوەی شەڕ بکات کاریگەری لەسەر ھەموو شتەکان ھەیە. بەھێزبوونی داعش ھەوڵێکە تاوەکو سوپای ئازاد خۆی بگۆڕێ."
موسلیم دەڵێ ھاتنی داعش بۆ باکووری سوریا ھاوسەنگییە سەربازیەکانی بەتەواوی گۆڕی:"شەڕی نەکرد، کەسی نەکوشت، بەڵام ترسی لە دڵی میللەت دروست کرد. میللەت لە ترسی داعش چەکەکانی تەقەت کرد."
عەلی لە قسەکانیدا سەرەنج بۆ ئەو جوگرافیایە رادەکێشێت کە داعش لەسەری دەگیرسێتەوە: "لە دەوروبەری قامیشلۆ، ناوچە ئازادەکانی سەر سنووری تورکیا لە سەرێکانیەوە بگرە تا سنووری ئدلب، لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدان. لەناوچە کوردیەکان داعش نییە، بەڵام دەوروبەری ناوچە کوردیەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە. دەستی بەسەر ھەموو دەروازەکاندا گرتووە. لەناو عەزاز یەک چەکداری داعش نییە، بەڵام ھەموو دەروازەکانی عەزاز لەدەستی داعشدایە. سوپای ئازاد نەیویست شەڕ لەگەڵ داعش بکات و بۆ دواوە پاشەکشەی کرد. ھەموو دەروازە سنووریەکانی تورکیا وەکو باب ھەوا، سەلامە و جەڕابلوس لەدەستی داعشدان."
بارودۆخی کورد خراپە
عەلی موسلیم سەرەڕای جیاوازی باردۆخی ناوچە کوردیەکانی سوریا لە بەشەکانی تر، بەڵام دیسان بارودۆخی کورد بە خراپ لە قەڵەم دەدا. لەمبارەیەوە باس لەوە دەکا، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا، کورد لەوانەی تر زیاتر ئامادە بوو بۆ شۆڕش، پارتی کوردی ھەبوو، کورد یەک بوو، راوێژیان لەگەڵ یەکتر ھەبوو: "رژێم زۆر بەباشی دەرەکی بەو راستییە کردبوو، پێش ھەموویان دەستی بۆ کورد درێژ کرد، بەر لەوەی شۆڕش بگاتە ناوچەکانیان ئەجێندای خۆی دروست کرد. ویستی بەلانی کەم کورد لە دەرەوەی شۆڕش بمێنێتەوە، تا رادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بوو."
موسلیم رەخنە لەو قسەیەی کورد کە دەڵێ:"ئێمە نە لەگەڵ رژێمین و نە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن" دەگرێت و بە قسەیەکی ناسیاسی وەسفی دەکا و وەکو خۆ دزینەوە لە ئەرکەکان ناوی دەبات.
موسلیم بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدا:
" کورد قوربانیەکی دەستی ئەو رژێمەیە، پێویستە بەر لەوانی تر نەمانی ئەو رژێمە بخوازێ. بۆیە بارودۆخی بزوتنەوەی کورد خراپە، دوو ئەنجوومەنی کوردی ھەیە و ھەریەکەیان سەر بە ئەجێندایەکە، ئەگەر کورد پشتگیری نێودەوڵەتیشی ھەبێ، ئەوە لە بەدەستھێنانی ئەنجامێک لەناو شۆڕشی سوریا گرنگتر نییە."
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە باس لەو ھەوڵانە دەکا کە بۆ رێکخستنەوەی ماڵی کوردی لە رۆژئاوا دەدرێن و دەڵێ:" بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە خراپە، چەند ھەوڵێک بۆ رێکخستنەوەی ماڵی کوردی ھەیە کە ئەمەیان لەوانەیە لەسەر دەستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بێتەدی. ئەگەر بتوانن بەلانی کەم لەو قۆناغە رێگر بن لە شەڕی کورد – کورد تا قۆناغێکی تر باشە، لەوانەیە جنێڤ ٢ ئەگەر سەربگرێ چارەسەری سیاسی بۆ تەواوی سوریا بێنێتەدی، ئەو کاتە کوردیش لەمە سوودمەند دەبێ."
موسلیم ئابڵۆقەدانی ناوچە کوردیەکان لەلایەن داعش بە ھەوڵێکی سیاسی لە قەڵەم دەدا و دەڵێ: "داعش ئاو و خۆراکی لەسەر ناوچە کوردیەکان بڕیوە. ئەمە فشارێکی سیاسییە لەسەر بزوتنەوەی کورد، بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژێم کەم بکاتەوە یان ببیڕێ."
ئیدارەی کاتی سەرناگرێ بەبێ رێککەوتن لەگەڵ پێکھاتەکانی تری سوریا
دەربارەی بەڕێوەبەرایەتیی کاتی کە پەیەدە خەریکە دایدەمەزرێنێ، موسلیم داواکردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە ھەڵە نازانێ، پێشی وایە کورد مافی ھەیە لەوە زیاتریش داوا بکا: "دەبێ بە تێگەیشتن بێ لەگەڵ پێکھاتەکانی تری کۆمەڵگای سوریا. پێکھاتەکانی تر دەڵێن ئێمە دەمرین ئێوەش خەریکی دروستکردنی قەوارەی خۆتانن، رێگا بەمە نادەین، پێموایە بەبێ لێکتێگەیشتن لەگەڵ پێکھاتەکانی تر مەحاڵە ھیچ شتێکی تایبەت بۆ کورد بێتەدی. سەپاندنی ئەمەش بە زۆری یان ھەوڵدان بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی کاتی بکەیتە ئەمری واقیع وەھمێکە. رێگای مافی کورد بە لێکتێگەیشتنی نیشتمانی سوری دەبێ."
دەربارەی دەنگۆی سەردانی چەند وەزیرێکی رژێمی سوریا بۆ قامیشلۆ، موسلیم ئەمە بە ھەڕەشەکردن لە پەیەدە و یەپەگە لە قەڵەم دەدا: "ھاتنی وەزیری بەرگری جاسم فرێج، بەر لەویش ھاتنی وەزیری نەوت و دواتریش سەردانی بەرپرسی حزبی بەعس لە حەسەکە بۆ قامیشلۆ پەیامە بۆ پەیەدە و یەپەگە، کە ئێوە ناتوانن بە ھیچ شێوەیەک ھیچ رێککەوتنێک بەبێ ئیرادە و رەزامەندی ئێمە لەگەڵ ھیچ لایەنێک ببەستن."
news_share_descriptionsubscription_contact

