لە کۆبوونەوەیەکی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پرۆژە یاسای پێشنیار کراو بۆ سەرکۆنەکردنی بەردەوامی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە سوریا، بە ١٢٧ دەنگ پەسەند کرا.
لەو پرۆژە یاسایەدا بە توندی پێشێلکارییەکان لە سوریا شەرمەزار دەکا. ھەروەھا لەسەر پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران و کۆریای باکووریش ھەڵوێستە دەکا و بە "جێی نیگەرانی" وەسفی رەوشی مافی مرۆڤی کردووە لەو دوو وڵاتەدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لەھەموولایەک دەکا شەڕی مەزھەبی و کردەوەی تیرۆریستی دوایی پێ بھێنرێ. ھەروەھا دەڵێ بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ناوچەی غۆتە لە ژێر رکێفی ڕژێمی سوریا، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و پرۆفیشناڵانە ئەنجامدراوە.
لە کاتی دەنگدان بە پرۆژەکە، ١٢٧ وڵات بە بەڵێ و ١٣ وڵات بەنەخێر و ٤٧ وڵاتیش بەبێ لایەنی دەنگیان پێدا.
لە پرۆژە بریارەکەدا باس لە پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانیش دەکا و تێیدا ھاتووە: لە سێدارەدانەکانی ئەم دواییەی ئێران، جێی نیگەرانین. ئەمەش بە ٨٦ دەنگی بەڵێ و ٣٦ دەنگی نەخێر قبوڵ کرا.
وا بڕیارە لە دانیشتنەکانی داھاتوو، بڕیاری سەرکۆنەکردنی ڕووداوەکانی میانمار و موسوڵمانانی ئەو وڵاتە بخرێتە دەنگدانەوە.