ھەولێر - ھێمن بابان
شێخ رەعد سەخری، نوێنەری موقتەدا سەدر لە شاری کەرکوک، لەبارەی د.نەجمەدین کەریم دەڵێ پیاوێکی بەکارە بەڵام نەیتوانیوە هەمووان قایل بکا.
هەروەها داعش بە دەسیسەی ئیسرائیل دەزانێ و دەڵێ بۆ تەفرو توناکردنیان، پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق دەکەن لە پارێزگای ئەنبار.
سەخری لە نووسینگەی خۆی لە شاری کەرکوک قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد. ئەو ژوورەی چاوپێکەتنەکەمان تێیدا ئەنجامدا لە حوسێنیەی عەلی تەمیمییە لەکەرکوک، لەوێ بێجگە لەوێنەی موقتەدا سەدر و باوکی، ھیچ وێنەیەکی دیکەی تێدا نەبوو، لەوێ دانیشتن لەسەر زەوی و دۆڵابێکی تێدایە ھەندێ دۆسییەی نووسینگەکەی لەخۆگرتووە. شێخ رەعد ھێشتا لەتافی لاوی دایە، بەڵام ھەشت ساڵە وەکو نوێنەری موقتەدا سەدر یەکێ لە بەرچاوترین کەسایەتیی سیاسی عێراق کاردەکا.
لەبارەی پرسی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری عێراقیشدا تایبەتمەندی پێدراوە، سەخر بە ڕاشکاوانە گوتی:" لەگەڵ ئەوە نین کەرکوک بخرێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان."
سەخری لە سەر رەوشی ئەمنی و سیاسی کەرکوک زیاتر رۆیشت: "ناکۆکیی ھەرێمی لەسەر کەرکوک ھەیە، کەرکوک عێراقێکی بچووک کراوەیە و وڵاتانی دراوسێ و عەرەبیش ناڵێم تەماعیان لەکەرکوک ھەیە، بەڵکو لایەنگرانیانی تێدا ھەیە و ھەر وڵاتێک دەیەوێ ئایندە بۆ لایەنگرانی دابین بکا و شوێن پەنجەی لەسەر کەرکوک ھەبێ. بۆیە ئەو ناکۆکییە ھەرێمییەی لەسەر کەرکوک ھەیە دۆخی ئەمنی خراپترکردووە."
لەبارەی ھۆکاری ناکۆکییە ھەرێمییەکان دەڵێ: "دوو فاکتەر ھەیە، یەکەمیان ئەوەیە کەرکوک سامانێکی زۆری سروشتیی ھەیە، دووەم ئەوەیە کەرکوک کلیلی یەکگرتنی عێراقییەکانە تا یەکبگرن، چونکە کەرکوک لەنموونەی سەرجەم مەزھەب و نەتەوە و تایفەکانی عێراقی تێدایە."
قسە گەرموگوڕەکانی لەسەر رەوشی سیاسیی عێراق ژوورە سارد و سڕەکەی نووسینگە تایبەتییەکەی گەرمکردبوو، ئەو عەمامەیەکی سپیی لەسەرناوە و قوتابییە لە حەوزەی عیلمی ی نەجەف، بەڵام لەم دیدارەدا دوور و نزیک توخنی باسی ئاینی نەکەوت.
د. نەجمەدین پیاوێکی بەکارە
نوێنەرەکەی موقتەدا سەدر بۆچوونی خۆی لەبارەی پارێزگاری کەرکوک د.نەجمەدیم کەریم ھەیە کە ماوەیەکە پارتی دیموکراتی کوردستان لێ نەرازیە. سەخری لەسەر ئەو پرسە زۆر رۆی و گوتی: "پیاوێکی ئیشکەرە و کار بۆ گەشەپێدانی کەرکوک دەکا، کەرکوکی لە پیس و پۆخڵی چەند ساڵەی رابردوو خاوێن کردەوە، کاری زۆر باشی کردووە و جێی بایەخە. لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی لاوازی پارێزگاری کەرکوک نەبوونی سیاسەتی راکێشانی خەڵکانی دیکەیە بەلای بەرنامە و کارەکانی، نەیتوانیوە ھەموو لایەنەکان بۆ لای خۆی راکێشێ بۆ نموونە نەیتوانیوە پ.د.ک بۆ لای خۆی رابکێشێ، کە دەبوو ئەوەی کردبا، چونکە پارتی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و حزبێکی بەھێزە."
سەخری پێوایە ئەو ناکۆکییەی نێوان پ.د.ک و ی.ن.ک کاردانەوەی خراپی لەسەر کەرکوک دەبێ، ململانێی ئەو دوو حزبە ئازاریان دەدا.
شێخ رەعد سەخری لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ە، ئەو لە ناحیەی بەنی سەعد لە پارێزگای دیالە لە دایکبووە، لە پارێزگای نەجەف نیشتەجێیە و نوێنەری سەرکردەی رەوتی سەدرە لە پارێزگای کەرکوک.
چەشنی زۆرێک لە پیاوە ئاینییەکانی دیکەی عێراق کە دەیانەوێ قسە لەسەر سیاسەت بکەن و دوو دڵ نین لە دەربڕینی بۆچوونە سیاسییەکانیان، نوێنەری موقتەدا سەدر لە کەرکوک، حەزی لەوە هەبوو قسە لەبارەی پرسە سیاسییەکان بکا.
مادەی ١٤٠ نەما و بە شوێن بەدیلی دیکە بکەون
شێخ رەعد سەخری لە درێژەی قسەکانیدا سووربوونی خۆی لەسەر قسەکانی چوار ساڵ لەمەوبەری نیشان دا کە گوتبووی "مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کە تایبەتە بە یەکلایی کردنەوەی کێشەی ناوچە جێی ناکۆکی لەسەرەکان، مادەیەکی بەسەرچووە و جێبەجێ ناکرێ."
شێخ رەعد دەڵێ: "کێشەی کەرکوک بە مادەی ١٤٠ چارەسەر ناکرێ، چونکە لەرووی بەرژەوەندییەوە مادەیەکی کێشە لەسەرە، ئەگەر خزمەت بە لایەنێک یان نەتەوەیەک بکا، ئەوا ئەوانی دیکە زیانی لێدەکەن، بۆیە دەبێ بیرمەند و خەڵکە ھۆشیارەکەی کەرکوک بۆخۆیان لەسەر مێز دابنیشن و چارەسەری دیکە بدۆزنەوە. دەبێ تەنازول بۆ یەکتر بکەن."
لەبارەی ئەڵتەرناتیڤەکانی مادەی ١٤٠ دەڵێ ئەوەیە کەرکوک وەکو خۆی بمێنێتەوە و سەر بە حکومەتی ناوەند بێ، بەڵام بە تایبەتمەندیی خۆی و لەلایەن خودی خەڵکی کەرکوکەوە بەڕێوەببرێ.
ھەرچی لەبارەی پرسی ریفراندۆم و خستنە سەر ھەرێمی کەرکوکیشە، بەراشکاوی دەڵێ" لەگەڵ ئەوەدا نین کەرکوک بخرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەم بژاردەیە بە تەنیا سوودی بۆ کورد دەبێ نەک نەتەوە و مەزھەبەکانی دیکە لە کەرکوک."
سەخری ئاماژەی پێدا نەگەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان، تەنیا لای ئەوان نییە، بەڵکو پێکھاتەکانی دیکەیش ھەمان ھەڵوێستیان دەبێ بێجگە لەکورد.
بە تەنیا پێشمەرگە نا
سەخری کە لەگەڵ ئەوەدایە ھێزی پێشمەرگە ببنە بەشێک لە ھێزەکانی پاراستنی کەرکوک، پێی باش نییە دۆسێی ئەمنیی شارەکە بدرێتە دەستی پێشمەرگە بەتەنیا. ھەرچی لەمەڕ بوونی ھەرێمەکانە لەعێراق کە چەندین پارێزگا لەوانەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی سوننەن داوای دەکەن، دەڵێ "سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر پاڵپشتیی سیستمی ھەرێمەکان ناکا، چونکە پێیوایە ھێشتا بیرۆکەی ھەرێم لای عێراقیییەکان پێنەگەیشتووە و یەکگرتوویی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەر ئەوە پێگەشت و ھەرێمەکان لەسەر بنچینەی جوگرافی بوون نەک نەتەوەیی و تایفی ئەوکاتە ئاساییە باس بکرێ."
داعش دەسیسەی ئیسرائیلە
سەخری بەو جۆرە پێناسەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام- داعش کە ئێستا لەگەڵ سوپای عێراق لەشەڕدایە دەکا "ئیسرائیل پاڵپشتی داعشە، ئێمەیش پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای عێراقین لە پارێزگای ئەنبار بۆ ریشەکێشکردنی داعش و پشتیوانەکانی."
کەرکوکییەکانیش چوون بۆ سوریا
شێخ رەعد باس لە چوونی گەنجان بۆ شەڕکردن لە سوریا دەکا و رایگەیاند: چەندین گەنج لە شاری کەرکوکەوە بۆ شەڕکردن بەناوی جیھادەوە چوونەتە سوریا.
ھەڵوێستی رەسمیی رەوتی سەدریش دەخاتە روو کە دژی چوونی گەنجانن بۆ سوریا لەژێر ھەر ناوێک و بۆ پاڵپشتیی ھەرکێیەک بێ،.
بەرگریی لە سوپا دەکەین
ھەرچی لەبارەی رووداوەکانی پارێزگای ئەنبار کە دەرکەوتنەوەی رێکخراوی ئەلقاعیدە و داعش سەرەتایەکی سەرنج راکێش بوو بۆ لێکۆڵەرەکانی بواری گروپە چەکدارەکان. شێخ رەعد سەخری لەو رووەوە دەڵێ "ئەوانەی لە ئەنبار شەڕدەکەن، بێگومان رێکخراوی تیرۆریستین لە داعش و رێکخراوی تر، بەڵام ئەو ھەڵمەتە بۆ سەر ئەنبار نەدەبوو لەم کاتە کرابایە، بۆ ئەوەی شیکردنەوە و قسەی تری لەسەر نەکرێ، دەبوو ساڵێک یان لانیکەم چەند مانێگ لەمەوبەر بکرابا، ھەرچۆنێک بێ ئەو ھەڵمەتە لە لایەن سەماحەتی موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتیی دەکرێ، لەھەمان کات داوا لە عەشیرەتەکان و خەڵکان دەکەین زانیاریی بدەنە دەزگا ئەمنییەکان و نەھێڵن ئەلقاعیدە و داعش لەوێ جێگیرببن."
سوننەش زیانبارە
هەروەها ئاشکرایکرد پاڵپشتیی لەو کردە سەربازییانە دەکەن بۆ سەر رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەو مەرجەی خەڵکی ئاسایی زیانی پێ نەگا. دەشڵێ: "سوننە وەکو شیعە لە داعش و ئەلقاعیدە زەرەر مەندبوون. لە عێراقدا ھاوشێوەی شیعەکانی دەرەوەی حزبی دەعوە بەتایبەت وەکو سەدرییەکان و ئەنجومەنی باڵا کە ستەمییان لێکراوە، سوننەکانیش ستەمیان لێکراوە. بەھێزبوونی رێکخراوی داعش بۆ پاڵپشتییەکانی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە، ئیسرائیل لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لانکەی بیری توندڕەویین پاڵپشتیی داعش دەکەن، سعودیە خەڵک نانێرێ بۆ ئەوەی بکوژرێ، ئەو پارە دەدا."
لەبارەی بەرژەوەندیی ئیسرائیل لە ھاوکاریکردنی داعش، دەڵێ دژایەتیکردنی ئیسلامە بەناوی ئیسلام و لەو پێناوەشدا عەقڵی چەندین گەنجیان بە لارێدا بردووە.
رەوتی لەگەڵ ئەوەدا نییە مالکی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ خولی سێیەم وەربگرێتەوە
شێخە گەنجەکەی سەدریی لە درێژەی قسەکانیدا باس لەھەڵوێستەکانی رەوتی سەدری لەمەڕ مالیکی و ویلایەتی سێیەمی ئەو دەکا و قسەی خۆی ھەیە. گوتی: "رەوتی لەگەڵ ئەوەدا نییە مالکی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ خولی سێیەم وەربگرێتەوە. ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی مالکی ویلایەتی سێیەم وەرنەگرێتەوە، چونکە سەرکەوتوو نەبوو لە ئیدارەدانی عێراق، بەڵکو باری ئەمنی خراپتر بوو، دۆخی سیاسی باش نەبووە، پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی تر ھیچ پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەبینیوە، کێشە نێوخۆییە گەورەکانی وەکو نەوت و غاز، ئەنجومەنی باڵای سیاسەت دانەمەزرا، کێشەی کەرکوک وەکو خۆیەتی، ئەمە بێجگە لەوەی ھەر کەسێک ئەگەر لە رەوتی سەدریش باشترە لە دوو ویلایەت زیاتری پێنەدرێ."
لەبارەی دەنگدانی لایەنەکانی تریش بۆ دەستنیشانکردنەوەی نوری مالکی دەڵێ" ئینشائەڵا لە وەرگرتنی ویلایەتی سێیەم سەرکەوتوو نابێ."
کورد هەڵەکەی پێشووی نەکاتەوە
سەخری رەخنە لە دوو دڵیی کورد لە بڕیاردان دەگرێ و لەسەر ھەڵوێستی کورد لەبارەی مالکییەوە دەڵێ: "کورد سەعاتی سفریان ھەیە، پێشبینی ھەڵویستییان لەوبارەیەوە ناکەین، لە سەعاتێک رێککەوتنییان ھەیە و دوایش دیار نییە، ئێستا ئەوان لەگەڵ ویلایەتی سێیەمی مالکی نین، بەڵام دیار نییە ئەوە بەردەوام دەبێ. نابێ بە پاڵپشتیکردنی مالکی کورد ھەڵەی پێشوو سووبارە بکەنەوە، پێشتر سووربوون لەسەر ئەوەی مالکی نەبێتەوە سەرۆکوەزیران، کەچی مالکی چوو بۆ ھەولێر و رێککەوتنی کرد و رازی بوون پێی، بەڵام مالکی جێبەجێی نەکرد وەک ئەوەی لەگەڵَ عێراقییە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و سەدرییەکانیش کردی کە رێککەوتنی کرد و جێبەجێی نەکرد."
بۆ مام جەلال دڵتەنگە
شێخ رەعد سەخری کە دڵتەنگیی خۆی بۆ نەخۆشکەوتن و دیارنەمانی مام جەلال سەرکۆمار نیشاندا، گوتی: "نەبوونی مام جەلال زۆر بە ئازارە بۆ ھەموو عێراقییەکان، تاڵەبانی خاوەنی دڵێکی نەرمە و ھیچ نەبێ بە بزەکانی بەردەوام دڵی خەڵکی خۆش کردووە. دیارنەمانیشی کاریگەریی لەسەر رەوشی سیاسیی عێراق ھەبووە."
لەکۆتایی قسەکانیدا نوێنەری موقتەدا سەدر لەکەرکوک باس لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان دەکا و دەڵێ: "ئەزموونێکی سەرکەوتوو و باشە. ئەوەی بچێتە ھەرێم خۆی بەدڵخۆش دەبینێ، ئاسایش و ئاوەدان کردنەوە ھەیە، ئومێد دەکەین ھەموو عێراق بەوشێوەیە بێ و نموونەی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای میسانیش بەسەر ھەموو عێراق جێبەجێ بکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا راستییەک ھەیە دەبێ رەچاو بکرێ ئەویش ناکۆکیی نێوان حزبە سیاسییەکانە لەھەرێم کە کاریگەریی لەسەر دامودەزگاکانی ھەرێم ھەیە و ھێشتا دوو ئیدارەیی ماوە."
news_share_descriptionsubscription_contact



