Azad Mohammed Abdullah
13 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2019
دهۆک - AA
بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، نورى بریمۆ رایگەیاند "جێگیربوونى پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ لە ناوچە سنوورییەکانى باکوورى سووریا بە هەماهەنگى لەگەڵ تورکیا باشترین بژاردە و باشترین چارەسەرە".
نورى بریمۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "کاتى ئەوە هاتووە ئەمریکا گۆڕانکارى بەسەر سیاسەتى خۆى بهێنێت و هاوپەیمانەکانى بگۆڕێت، ئێستا باشترین هاوپەیمان بۆ ئەمریکا تورکیایە و باشترین بژاردە بۆ ئەمریکا لە سووریا جێگیرکردنى پێشمەرگەى لەشکرى رۆژى سەربە پێشمەرگەى زێرەڤانى هەرێمى کوردستانە بە هەماهەنگى وڵاتى تورکیا، ئەمە سەقامگیرى بۆ سووریا و ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و سووریا دێنێتە ئاراوە".
گوتیشى: "ئەمریکا ناتوانێت پەیوەندى پەیەدە لەگەڵ قەندیل و پەکەکە و هەروەها پەیوەندى قەندیل و تاران و شام لەگەڵ یەکترى بپچڕێنێت، ئەمە بۆ ئەمریکا یەکلایی بووەتەوە".
بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت "پەیەدە لەڕابردوو و لەئێستا و لەداهاتووشدا نوێنەرایەتى کوردى نەکردووە و ناکات، بەڵکو دوو باڵ بووە و باڵێکى سەربە رژێمى ئەسەد بووە و باڵەکەى دیکەش سەربە ئێرانە، پەیەدە خاوەنى کورد نییە، بەڵکو حاکمێکى داسەپاو و ستەمکارى کورد بووە لە سووریا".
نورى بریمۆ لە رەخنەگرتن لە سیاسەت و کردەوەکانى چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت "پەیەدە لە سووریا هەموو کارەکانى بۆ لەناوبردنى کورد و لە ناوبردنى ئەندام و لایەنگرانى ئەنەکەسە بووە، یەکێکى دیکە لە سیاسەتە چەوتەکانى پەیەدە کە چەندین ساڵە پەیڕەوى دەکات بریتییە لە بڵاوکردنەوەى تۆوى رق و کینە لە نێوان کوردەکانى سووریا و هەروەها دوژمنایەتى لە نێوان کورد لەگەڵ کورد و کورد لەگەڵ عەرەبى سوننە بڵاودەکاتەوە".
بەرپرسی نوێنەرایەتى ئەنەکەسە لە هەرێمى کوردستان لە بارەى هەوڵەکانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، مەسعود بارزانى بۆ گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بۆ سووریا ئاماژەى بەوەدا کە دوایین هەوڵەکانى ئەمریکا بۆ گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ و کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندێکى پەیەدە سەبارەت بە گەڕانەوەیان، بەبێ راوێژکردنى "سەرۆک مەسعود بارزانى" ئەنجام نەدراوە و دەشڵێت "سەرۆک بارزانى لەمێژە دەستپێشخەرى کردووە بۆ ئەوەى لەشکرى رۆژ بگەڕێتەوە بۆ سووریا".
ئاماژەى بەوەشدا کە لەشکرى رۆژ لە هەر شوێنێک بێت نایانەوێت دژایەتى تورکیا بکەن و تورکیا وەک باشترین دراوسێ دەبینین، زیاتر لە ٧٠٠ کیلۆمەتر سنوور لە نێوانمان هەیە.