Hemn Baban
30 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2017
نه‌جیبه نه‌جیب ده‌ڵێت وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق وه‌ڵامی پرسیاره‌كانییان له‌باره‌ی گرێبه‌سته‌كانی كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ناداته‌وه.
ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نه‌جیبه نه‌جیب له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قه‌باره‌ی قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی سه‌ر عێراق ئاشكرا ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت عێراق قه‌رزی ناوخۆیی و چه‌ند رێوشوێنێكی گرتووه‌ته به‌ر ئه‌گه‌ر نا نه‌یده‌توانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی دابین بكات.
نه‌جیبه نه‌جیب له‌وباره‌یه‌وه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند "به پێی ئه‌و داتایانه‌ی له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه به ئێمه دراون و به‌رده‌ستی ئێمه خراوه ئه‌وه‌یه عێراق هه‌تا كۆتایی ساڵی 2016 بڕی 107 ملیار دۆلار قه‌رزداربووه و قه‌رزی له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌بووه، ئه‌و بڕه‌ش ده‌بێته سێ به‌ش ئه‌وانیش به‌شی یه‌كه‌م بڕی قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی رژێمی پێشووی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م وڵاته كه ئه‌ویش له ئه‌نجامی گرێبه‌ستی چه‌ك و هه‌روه‌ها به هۆی شه‌ڕی كوێت و ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ئه‌و رژێمه كردی، واته به گشتی ئه‌و قه‌رزانه‌ی رژێمی سه‌ددام حوسێن بۆ عێراقی به‌جێ هێشت، ئه‌مه‌ش ده‌توانیین بڵێن بڕی نزیكه‌ی 55 ملیار دۆلار ده‌بێت و قه‌رزه له‌سه‌ر عێراق، له نێویاندا قه‌رزه‌كانی یانه‌ی پاریس و قه‌رزی دیكه‌ش هه‌یه".
له‌باره‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی دیكه‌ش كه هاتوونه‌ته سه‌ر عێراق ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه له پشكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانه روونی كرده‌وه "به‌شی دووه‌م له قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق بریتیین له‌و قه‌رزانه‌ی كه له ساڵی 2004ه‌وه عێراق قه‌رزی كردووه و ئه‌و قه‌رزانه‌ش چه‌ندین قه‌رز ده‌گرێته‌وه كه عێراق كردوونی ئه‌وانیش قه‌رزه‌كانی ژاپۆن و قه‌رزی سه‌ندوقی نێوده‌وڵه‌تی و قه‌رزای وڵاتی دیكه‌یه، هه‌روه‌ها به‌شی سێیه‌م ئه‌و قه‌رزانه‌یه كه قه‌رزی ناوخۆیین و عێراق له ناوخۆی عێراقدا كردوونی".
نه‌جیبه نه‌جیب گوتیشی "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا قه‌رزی ناوخۆیی له رێگه‌ی بانكی ناوه‌ندییه‌وه نه‌كردبا له پاڵ چه‌ند رێوشوێنێكی دیكه ئه‌وا نه‌یده‌توانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه عێراق له‌و بڕه قهرزانهشی كه كردوویه‌تی له ناوخۆ به هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ پشكێكی هه‌رێمی كوردستانی لێ نه‌داوه".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه عێراق كورتهێنانی بوودجه‌ی ئه‌مساڵیش له رێگه‌ی قه‌رزه‌وه پڕكردووه‌ته‌وه، له‌و رووه‌وه ئاشكرای كرد "له‌ساڵی 2017 به دڵنیاییه‌وه ئه‌و قه‌رزه زیادی كردووه، چونكه له بوودجه‌ی ساڵی 2017 بڕی كورتهێنان بریتی بووه له 22 تریلیۆن و 600 ملیار دینار بوو، ئه‌وه‌ش هه‌مووی له رێگه‌ی قه‌رزه‌وه پڕكراوه‌ته‌وه، به ته‌نها 15 تریلیۆن دیناری عێراقی به ته‌نها له قه‌رزی ده‌ره‌كی بووه، 10 ملیون جونه‌یهی ئسته‌رلینی قه‌رزكراوه له به‌ریتانیا، 500 ملیۆن یۆریۆ له ئه‌ڵمانیا قه‌رزكراوه، هه‌روه‌ها یه‌ك ملیار دۆلاریش له ئه‌مریكا".
سه‌باره‌ت به یه‌ده‌گی عێراق له بانكه‌كاندا ئه‌ندامه‌كه‌ی لێژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نه‌جیبه نه‌جیب رایگه‌یاند" یه‌ده‌گی عێراق له بانكدا به پێی ئه‌وه‌ی له لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه بۆ ئێمه هاتووه و به‌رده‌ستمان خراوه بریتیه له 55 ملیار دۆلار، هه‌روه‌ها 83 تۆن زێڕیش. له راستییدا له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2014 و سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2015دا عێراق بڕی 66 ملیار دۆلار یه‌ده‌گی له بانكه‌كاندا هه‌بووه، به‌ڵام دواتر به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه راكێشرا و بۆ چه‌ند شتیكی سه‌ره‌كی خه‌رج كرا".
له كۆتایی قسه‌كانیدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره له وه‌ڵامی پرسیارێكی ئانادۆڵو له‌مه‌ڕ زیانه‌كانی داعش بۆ سه‌ر عێراق ئاشكرای كرد "زیانی داعش بۆ عێراق زۆربوون و وێرانكارییهكانیش زۆرن، چه‌ندین بوار و كه‌رت ده‌گرێته‌وه به چه‌ندین شێواز، له نێویاندا زۆربوونی خه‌رجیی كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ درێژه‌پێدانی شه‌ڕی دژ به‌و رێكخراوه، ئه‌گه‌رچی داوامان له وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق كردووه كه بڕی ئه‌و گرێبه‌ست و پارانه‌مان بۆ روون بكاته‌وه كه بۆ كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی خه‌رج كراون و روونكردنه‌وه له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كانی كڕینیشیان بدات، به‌ڵام به داخه‌وه هێشتا له‌لایه‌ن ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه روونكردنه‌وه‌مان پێ نادرێت".
نه‌جیبه نه‌جیب سه‌باره‌ت به زیانه‌كانی داعش‌یش گوتی: "هه‌رچی له رووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌وه هه‌یه كه به هۆی داعشه‌وه وێران بوون ئه‌وا به پێی خه‌مڵاندنه‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی عێراق ئه‌م وڵاته پێویستی به زیاتر له 35 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی به هۆی داعشه‌وه زیانییان پێگه‌یشتووه".