سیدنی
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئوستراڵیا هەڤاڵ سیان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: " هاوكارییەكانی ئوستراڵیا لە ٣٠ تەمموزی رابردوو لەگەڵ گوتاری سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە دەستی پێكردووە و بێجگە لە هاریكارییە مرۆییەكان هاریكاری سەربازیشی لەخۆگرتووە و ئەو هاوكاریانە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراون."
ئەو بەرپرسەی هەرێم لە سیدنی گوتی: "رێكخراوی چەكداری داعش لە رووی بەرنامە و ئایدۆڵۆژیاوە لە رێكخراوەكانی وەك بەرەی نوسرە و قاعیدە، توندڕەوترە و بێجگە لە عێراق و سوریا مەترسی بۆسەر گشت وڵاتانی ناوچەكە و جیهان هەیە، بۆیە ئوستراڵیاش وەك بەرپرسانی ئەو وڵاتە دووپاتی لێدەكەنەوە، بە پێوستی دەزانن، بێنە ریزی ئەو وڵاتانەی كە دەخوازن شەڕی دژی داعش بكەن. چونكە شەڕی دژی داعش شەڕێكی ناچارییە و هەموو وڵاتێك بۆ بەرگری لە ئارامی و ئاسایشی خۆی، هاوكاری پێشكەش بە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دەكات."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كەلە ئوستراڵیاوە هاتوونەتە بەرەكانی شەڕ لە ریزی چەكدارانی داعش دانە، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئوستراڵیا گوتی: "ژمارەی ئەو كەسانە نزیكەی ١٥٠ كەس دەبێ و حكومەتی ئوستراڵیا زۆر نیگەرانە لە چوونی ئەو كەسانە بۆ نێو ریزەكانی چەكدارانی داعش و هاوكات مەترسی فراونبوونی دەسەڵاتی جوگرافی ئەو رێكخراوەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆری موسڵمان لە ئوستراڵیا هەن مەترسی ئەوەش هەیە چەند كەسێكی دیكە تێوبگلێن بە هاریكاری داعش، بۆیە دەیانەوێت زوو پەلو پۆی ئەو رێكخراوە لە عێراق و سوریا لەناببردرێن و بۆ ئەمەش هەم ئۆپۆزسیۆن هەم دەسەڵات هاوڕان كە دەبێ هاریكاری پێشمەرگە بكرێ."
هەڤاڵ سیان لە بارەی جۆری هاریكارییەكانی سەربازی ئوستراڵیا بۆ پێشمەرگە گوتی: "جۆری هاریكارییەكان بۆ میدیاكان ئاشكرا نەكراون بەڵام وەك بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتە باسی لێوەدەكەن، ئەو جۆرە چەكانە رەوانەی هەرێم دەكرێن كە بتوانێ شەڕی داعشی پێ بكرێ و زۆربەی جۆرەكانی چەكیش لە خۆ دەگرێ."
لەكۆتاییدا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئوستراڵیا لەبارەی بەردەوامی هاریكارییەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێم گوتی: "حكومەتیئوستراڵیا بەپێی بارودۆخەكانی داهاتوو لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان بەردەوام دەبێ و ئەو قسەیەش لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی ئوستراڵیاوە دووپاتی لێكراوەتەوە تەنانەت رەزامەندی خۆیان نیشانداوە ئەگەر ئەمریكا داوایان لێبكات، فڕۆكە سەربازییەكانی ئوستراڵی ئامادەن بەشداری شەڕی دژ بە داعش بكەن."
سەرۆك وەزیرانی ئوستراڵیا تۆنی ئابۆت لە ٣٠ ئابی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كەلە كانبیرا سازیكردبوو، ئامادەیی وڵاتەكەی راگەیاند لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان لەشەڕی دژی داعش و راشیگەیاند، وڵاتەكەی بەپێوستی دەزانێ هاوكاری لێقەوماوانی ئەو ناوچانە بكات كە بەهۆی پێشرەوییەكانی چەكدارانی داعشەوە ئاوارە بوون.