ھەولێر
ئەندامی ھاوپەیمانیی ھێزە شۆڕشگێرەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا عەبدولباست سەیدا گوتی: "ئێمە ناسنامە و مافەکانی کورد لە سوریا بەشێوەیەکی رەسمی قبوڵ دەکەین، دەمانەوێ سەرجەم لایەنە کوردیەکانی سوریا لەژێر چەتری ھاوپەیمانیی ھێزە شۆڕشگێرەکانی سوریا کۆببنەوە ."
لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھاوپەیمانی ھێزە شۆڕشگێڕەکانی سوریا ئەحمەد ئەل جەربا و شاندی یاوەری سەیدا لێدوانێکی بۆ پەیامنێری AA دا گوتی: " توانیمان باس لە رەوشی ئێستای سوریا و بەشداریکردنی لایەنی کوردی لەگەڵ ئەنجومەنی ھاوپەیمانی سوریا بۆ کۆنگرەی جنێڤ ٢ بکەین، ھەروەھا باسمان لە رەوشی ئاوارەکانی سوریا لە ناوچەکانی کوردستان کرد و دیدارێکی بایەخدار بوو بۆ ھەردوولامان."
سەیدا رایگەیاند: سەرۆکی ھاوپەیمانی ھێزە شۆڕشگێڕەکانی سوریا جەرباو شاندی یاوەری بەمەبەستی بینینی رەوشی ئاوارە سوریەکان سەردانی کامپەکانی کوردستان دەکا.
ھەروەھا سەیدا گوتی: "سەردانی ئێمە بۆ ھەولێر ھیچ پەیوەندیەکی بە کۆبوونەوەی پارتە کوردیەکانی سوریا لە ھەولێر نییە، دڵخۆش دەبین بە کۆبوونەوەی پارتە کوردیەکانی سوریا لێرە، ئێمەش دەمانەوێ لایەنی کوردی بەیەکەوە بجوڵێن و دەستیان لە ھاوکاریی رێژێم دوور بخەنەوە."
سەیدا جەختی کردەوە کە دەرگای ھاوپەیمانی ھێزە ھێزە شۆڕشگێرەکانی سوریا ھەمیشە بۆ پارتە کوردیەکانی سوریا کراوە دەبێ. گوتی: " بەشێوەیەکی رەسمی ناسنامە و مافەکانی کورد قبوڵ دەکەین، دەمانەوێ سەرجەم لایەنە کوردیەکانی سوریا لەژێر بناغەی ھاوپەیمانی ھێزە شۆڕشگێرەکانی سوریا کۆ ببنەوە، کاتێک ئەو کارە ئەنجام درا ئەوا دەبێ لایەنەکانی تریش بڕیاری خۆیان بدەن کە ئایا لایەنگری رژێم یان ئۆپۆزسیۆن دەکەن؟."
سەیدا لە کۆتایی گوتەکانیدا رایگەیاند: ماوەی چەند رۆژێکە ھێزەکانی سوریا کە لەلایەن ئێران و روسیاوە پاڵپشتی دەکرێن بەچەکی قورس و بۆمبی بەرمیل ھێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکانی حەلەب و شوێنەکانی تر.
سەیدا باسی لە ناردنی شاندێک بۆ ئامادەکاریەکانی بەستنی کۆنگرەی جنێڤ ٢ کرد.