Heman Hussein Yaseen
22 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مسعود بارزانی بەبۆنەی ٤٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنیانەوە و بە مەبەستی پیرۆزبایی، سەردانی مەکتەبی تەنفیزی زانایانی ئیسلامی کوردستان کرد و لە لایەن سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، دکتۆر عەبدوڵڵا سەعید وەیسی و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و ئەندامانی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی پێشوازی کرا.
ماڵپەڕی فەرمی مەسعود بارزانی بڵاویکردەوە کە لە میانی سەردانەکەیدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پێشکردووە و تیایدا تەئکیدی لەسەر رۆڵی ئەو دامەزراوە گرنگە کردووەتەوە و رایگەیاندووە "لە بیرمە جەنابی بارزانی، ھەوڵی دا ئەو رێکخراوە دابمەزرێت، بێگومان مامۆستایانی ئایینی رۆڵێکی زۆر پیرۆز و گەورەیان بینیووە بەتایبەت لە شۆڕشی ئەیلوول. شەو و رۆژ دەگەڕان لەسەرتاسەری کوردستان و دێ بە دێ، خەڵکیان ھاندەدا و ئامۆژگاریان دەکردن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکەن، زۆرێک لەوان چەکیان ھەڵگرت و شەھیدیشیان ھەبوو، ھیوادارم مامۆستایانی ئایینی بگەڕێنەوە بۆ ئەو رۆژە پیرۆزە".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاندووە "بەداخەوە دەبینین لە ھەندێ لاوە ئینحیراف دروست بوو، کەچی دینی ئیسلام دینی ئاشتەوایی و خۆشەویستییە، ئەرکی ئێوەیە مرۆڤ پەروەردە بکەن لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی درووست و رێزگرتن و خۆشەویستی".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە دیدارەکەدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەیشکردووە کە تیرۆریستان گەورەترین تاوان و خیانەتیان بەرامبەر بە دین کرد و رایگەیاندووە "ئەوەی تیرۆریستان کردیان، کامیان لەگەڵ ئایینی ئیسلام یەک دەگرێتەوە؟ لە کوشتن و بڕین و سووتانی خەڵک. زۆر گرنگە خەڵک وا پەروەردە بکرێت، دین و نیشتمان لە یەک جیا نەکرێنەوە، ئەوەی دیندار بێ نیشتمانەکەی خۆشدەوێت، ئەوەی نیشتمانی بوێت دیندارە".