Heman Hussein Yaseen
14 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2023
هەولێر - AA
لەمیانی سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق عەبدوللەتیف ڕەشیدا کۆبووەوە و وێرای گفتوگۆکردن لەسەر شایستەداراییەکانی هەرێم، هاوکات دۆخی شنگال و کەرکووکیش گفتوگۆی لەبارەیەوەکراوە.
لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نوسیوویەتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرکۆماری عێراق عەبدوللەتیف ڕەشید تاووتوێی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدامان کرد، ھەروەھا گفتوگۆمان لەسەر دۆخی کەرکووک، شنگال و کێشە داراییەکان کرد".
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە: "داوام لە سەرکۆمار کرد کە وەکو پارێزەری دەستوور، دەسەڵاتەکانی خۆ بەکاربھێنێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی مووچە، گەیشتە بەغدا.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" لە بارەی سەردانەکەیان بۆ بەغدا نووسیبووی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".