ھەولێر
دکتۆر مەحموود بەو جۆرە گرنگی کۆنگرەکە ھەڵدەسەنگێنێ " کۆنگرەی نەتەوەی کورد ھەنگاوێکی باشە، بەو پێیەی ئێستا کوردستانی عێراق حکومەت و ئیدارەی خۆی ھەیە، بەڵام دەبێ بزانین باشە ئەم کۆنگرە بۆ ئەوەیە کورد بەبێ دەست تێوەردان یەکڕیزبێ و لەسەر یەک ستراتیژ کار بکات یا دەیانەوێ کۆنگرەیەکبێ رەزامەندیی وڵاتانی دراوسێی لەسەر بێ؟".
بەڵام دکتۆر مەحموود دەڵێ لەوباوەڕەدا نییە ئەو کاتەی بۆی دیاریکراوە تا کۆنگرەکەی تێدا سازبکرێ گونجاوبێ، لەوبارەیەوە پێشنیار دەکات دوابخرێت.
بڕیارە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە لەشاری ھەولێر کۆنگرەی نەتەوەیی کورد سازبکرێ.
دکتۆر مەحموود لەمبارەیەوە زیاتر گوتی " بەبڕوای من باشترە کاتی کۆنگرەکە دوا بخرێت چونکە ھەست دەکەم پەلەپەلی پێوە دیارە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ ئەوکاتە، جا کارێکی واگرنگیش پەلەی تیا بکرێت ئاکامی باشی نابێ"
لەبارەی چارەسەری پرسی کورد لەھەموو بەشەکانی کوردستان دکتۆر مەحموود ھەروەھا گوتی "پێویستە کورد ھاوکاریی یەکتربن دژی یەکتر نەجوڵینەوە، دەبێ کورد لە پارچەکانی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتانە گفتوگۆ بکەن، لەباکوور پێویستە لەگەڵ حکومەتی تورکیا وتووێژ بکات، کوردی رۆژھەڵات و رۆژئاواش بە ھەمان شێوە، ئێمەش لەگەڵ بەغدا".
ھەروەھا پێشنیاری ھەیە بۆ بەڕێوەبەرانی کۆنگرەو دەڵێ ئەگەر ئەم کۆنگرەیە سەرکەوتوو بوو، نوێنەرایەتییەکی یەکگرتووی کورد لە دەرەوە دروست بکەن، ئەو وەختە دەبێ ھەوڵبدەن سیفەتی چاودێرییان پێبدرێ لە UN چونکە کوردیش حەقی خۆیەتی نوێنەرایەتیی ھەبێ لەڕێکخراوێکی وادا، ھەرچەندە کورد وەکو فەلەستینییەکان پاڵپشتی نێودەوڵەتی نییە ئەوان لەیەک بریاردا ٧٠ دەوڵەت پاڵشتیان لێدەکات.