نیویۆرک
زیاتر لە 50 كەسایەتی ئەكادیمی، چالاكوان و دامەزراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری جیهان لە بانگەوازێكیاندا بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان كرد پشتیوانییەكان لە دەسەڵاتی سیسی رابگرن چونكە ئەو حكوومەتە مافەكانی مرۆڤی پێشێل كردووە.
كەمپینی ئیمزا كۆكردنەوە بۆ بڕینی پشتیوانییەكان لە دەسەڵاتەكەی سیسی لە دوای نزیكەی دوو هەفتە دێت لە بڕیاری لەسێدارەدانی سەركۆماری هەڵبژێردراو محەمەد مورسی.
كەمپینەكە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەسەروو هەموویشیانەوە داوای لە هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان، وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكا كرد فشار بخەنە سەر میسر هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ رابگرێت.
لە كەمپینی ئیمزا كۆكردنەوەدا كە كەسایەتییەكانی ئەكادیمی، چالاكوان و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان تێدا كردووە ئاماژە بەوەكرا بێدەنگی لەبەرامبەر دەسەڵاتی میسر و هاوكاریكردنی دەرەكی ئەو حكوومەتە دەبێتە هۆی فەراهەمكردنی دەرفەت بۆ ئەنجامدانی پێشێلكاری بێ سنوور دژ بە مافەكانی مرۆڤ لەلایەن ئەو رژێمەوە.
لە كەمپینەكەدا داواكراوە دەرەنجامی پشتیوانییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە میسر لەبەرچاوبگیرێت و كاریگەرییەكانی لەسەر گەلانی ئەو وڵاتە ببینرێت و: ''ئەو كۆمەڵكوژییانە ئیدانە بكرێت كە بەدەستی حكوومەتی میسری ئەنجام دراوە و ئەو پشتیوانییەی بۆ رژێم هەیە بیوەستێنرێت''.
عەبدلفەتاح سیسی لە سێی تەمووزی 2013دا لەكاتی كەوتەنەوەی رووداوەكانی رۆژانی ئەنجامدانی كودەتا سەربازییەكەدا هەزاران هاونیشتمانی میسری لایەنگری مورسی كوشتبوو.
سەركۆماری هەڵبژێرداو محەمەد مورسی كە لەرێگەی كودەتای سەربازییەوە لە دەسەڵات دوورخرایەوە لە 16ی ئەم مانگە بڕیاری لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای میسرەوە بۆ دەركرا.
ئەو كەسایەتی و دامەزراوانەی لە كەمپینەكەدا بەشداربوون، بریتین لە: "ئەكادیمیسیانی زانستی سیاسی نۆرمان فینكڵشتاین، یاریدەدەری سەرۆكی گشتی ئاك پارتی پرۆفیسۆر دكتۆر یاسین ئاكتای، سەرۆكی پێشووی تونس و چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ موسیف مەرزوقی، شارەزای یاسای سزای نێودەوڵەتی تۆبی كادمان، چالاكوانی میسری دكتۆر ئەمین مەحموود كە لە ئەمریكا دەژی، كۆمەڵەی كولتوری توركی-ئەمریكی، پلاتفۆرمی هەموو شتێك بۆ توركیا و دامەزراوەی دۆستایەتی نێودەوڵەتی''.