ھەولێر
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بان کی مۆن، لە چوارچێوەی سەردانی بۆ عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە لایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
دواتر مۆن و شاندی هاوسەفەری، سەردانی کەمپی پەنابەرانی سوریایان کرد. لە گەڕانی بە نێو کەمپی کەورگۆسک بە زمانی کوردی سڵاوی لە خەڵک دەکرد.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانگوتی: "بۆ ئەوەی سەردانی ئێوە بکەم ھاتوومەتە ئێرە، ئەوەی بینیم منی زۆر نیگەران کرد، رەوشی ئەو ماڵەی بە دوو منداڵەوە لە نێو یەک چادردا بوون زۆر ئازاری دام. ئەوان داوای دەکەن ھەلومەرجی ژیانیان باشتر بکرێ، بەڵام ھێشتا نازانن داھاتوویان چی بە سەر دێت، لە نێو ترس و دڵەڕاوکێدا چاوەڕوانی داھاتوویان دەکەن، ئەم پەنابەرانە پێویستیان بە ئاشتییە."
مۆن پەسنی هەرێمی کوردستانی دا کە بوونەتە پەناگەیەکی باش بۆ لێقەوماوانی سوریا و گوتی: "پڕ بەدڵ سوپاسی کاربەدەستانی کوردستان دەکەم، بۆ ئەوەی دەرگایان بۆ ئاوارە سورییەکان کردۆتەوە. دەستخۆشییان لێدەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کەمپی دیکەی وەکو کەورگوسکی دروستکردووە، دەستیان خۆشبێ. رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە کوردستان بەڵێنی ئەوەیان داوە کە بەردەوام ھاوکاری پەنابەران بکەن."
بان کی مۆن رایگەیاند: بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاریی بۆ پەنابەرانی سوریا، رۆژی چوارشەممە بەشداری کۆبوونەوەیەک دەکا لە کوەیت و حەفتەی داھاتوو کۆنفرانسی ئاشتی جیھانی ساز دەکەن. هەروەها کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار ھاوکاریی پەنابەران دەکا.
دوای بەسەر کردنەوەی دانیشتوانی کەمپی کەورگۆسک، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازدا.
لە کۆنگرەکەدا ھەریەکە لە وەزیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری ھەولێر و بەرپرسی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەبوون.
نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر بەخێرھاتنی شاندەکەی کرد.
بان کی مۆن بە زمانی کوردی بەیانی باشی لە رۆژنامەوانان کرد وگوتی "پێمان خۆش نییە ئەو خەڵکە لەم رەوشەدان، ژمارەیەکی زۆر لە گەنج، پیر، منداڵ لە حاڵێکی خراپدا دەژین. بۆیە بە باشمان دانا یارمەتیی مرۆیی ئەو ئاوارانە بدەین. حەفتەی داھاتوو کۆنفرانسی ئاشتی بۆ قەیرانی سوریا لە جنێڤ ساز دەکەین."
دوای ئەو کۆنگرەیە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆ ببێتەوە.
لە لایەکی دیکە، ئەنتۆنیۆ گوتا بەرپرسی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوسەفەری بان کی مۆنە بۆ هەولێر گوتی:" گرنگی دەدرێ بە مافی خوێندن و تەندروستی پەنابەران چونگە ئەوە مافی ھەموو کەسێکە، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارەکانی سوریا لە ھەرێمی کوردستان خەرج دەکا."
لە کاتی گەڕانی مۆن بەناو خێمەی پەنابەران، سەردانی خیوەتێکی کرد ماڵباتێکی نیشتەجێی ئەوێ نامەیان دایە دەستی مۆن. ئەویش نامەکەی وەرگرت، بەڵام نەزانرا ئەو نامەیە بە چ زمانێک بۆ سکرنێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسرا بوو.