Sarmand Hameed
15 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2018
بەغدا - AA
محەمەد حەلبوسی بە سەرکەوتنی بەسەر رکابەرکانیدا و بەبەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا.
حەلبوسی کاندیدی هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی بوو بۆ سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە زۆربەی کوتلە سونییەکان لەخۆدەگرێت.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەغدا رایگەیاند، لەدوای جیاکردنەوەی ئەو دەنگدانە نهێنییەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدرا، حەلبوسی بە بەدەستهێنانی ١٦٩ دەنگ لە کۆی دەنگی ٢٩٨ پەرلەمانتاری ئامادەبووی دانیشتنەکە بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا.
رکابەرەکانی دیکەی حەلبوسی کە هەریەک لە جێگری سەرکۆماری عێراق، ئوسامە نوجێفی ١٩ دەنگ و وەزیری پێشووی بەرگری عێراق، خالید عوبێدی ٨٩ دەنگی بەدەستهێنا.
محەمەد رێکان حەلبوسی ساڵی ١٩٨٢ لە قەزای گەرمە سەر بە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە، ناوبراو پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە و لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری رابردوو سەرۆکایەتی لیستی "ئەنبار ناسنامەمانە"ی کرد و جارێکی دیکە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردرایەوە
لە ٢٩ی ئابی ٢٠١٧ ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار محەمەد حەلبوسی لە شوێنی پارێزگاری لەکارلابرا سوهەیب راوی بە پارێزگاری ئەنبار هەڵبژارد.
حەلبوسی ساڵی ٢٠٠١-٢٠٠٢ بڕوانامەی بکالۆریوسی لە ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی موستەنسڕییە لە بەغدا بەدەستهێناوە و ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەری لە هەمان بوار و لەهەمان زانکۆدا بەدەستهێناوە.