سلێمانی
ئەمڕۆ یەكشەمە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوویەوە.
لەو كۆبونەوەیەدا كەبەئامادەبوونی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە حسێن شەهرستانی و وەزیری نەوت بەڕێوە چوو، مالیكی باسی لەكێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی گشتی 2014ی عێراق بەو هۆیەوە كردووە.
بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە ئاماژە بەوە دەكا كۆبونەوەكەیان لەسەر بانگهێشتی مالكی بووەو گفتوگۆیان لەسەر كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بودجەی گشتی عێراق كردووە.
پەرلەمانتاری عێراق لەلیستی هاوپەیمانی كوردستان ئاڵا تاڵەبانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەو كۆبوونەوەیەدا مالیكی حەزی كرد لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد باس لە هەندێ لەو كێشە و ململانێیانە بكا كە لەگەڵ كورد هەیە و هۆكارێكی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەیە."
تاڵەبانی باس لەو كێشانە دەكا "لەسەروی هەموویانەوە پرسی نەوت و ناردنە دەرەوەیەتی، مالیكی ئاماژەی بەوە كرد ڕەنگە پشكی 17%ی بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بكەوێتە مەترسییەوە ئەگەر حكومەتی هەرێم بەتەواوەتی داهاتی نەوت ڕەوانەی بەغدا نەكا."
لەكۆبوونەوەكەدا مالیكی خۆشحاڵی خۆی پیشان داوە بەدوایین كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی باڵای هەرێم بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی لەبەغداو ئاماژەی بەوە كردووە ڕێكەوتنی باشیان ئیمزاكردووە.
بەڵام حكومەتی ناوەندی گومانی هەیە لەوەی هەرێمی كوردستان بەبێ ئاگاداری بەغدا نەوت ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكاو داهاتەكەی نەداتە بەغدا.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بەڕێكەوتنێك، كۆبوونەوەی سێشەمەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕۆژی دواتر دوا دەخەن.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەمالیكییان ڕاگەیاندووە كە پێویستە كێشەكانییان لەگەڵ هەرێم لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن، هەروەها لیژنەكانی نێوان هەردولا بەردەوامی بەكۆبونەوەكانییان بدەن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان.
ئەم كۆبونەوەی نێوان سەرۆكوەزیرانی عێراق و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، دوای لێدوانێكی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دێ، كە ئاماژەی بەوە كردبوو سێشەمەی داهاتوو دوا مۆڵەتە بۆ گەیشتنی بودجەی گشتی 2014 بەپەرلەمان، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن وادەیەك بۆ ئەو مەبەستە دیاری بكەن.