بەغدا
لەسەر ئەو رەخنانەی موقتەدا سەدر لەمالیکی گرت بەھۆی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، مالیکی گوتی: "من پێویستیم بە مۆڵەتی کەس نییە بۆئەوەی بچمە دەرەوە."
لە بەیاننامەیەکی ھەڕەشە ئامێز و زۆر تونددا، ئەمڕۆ ٤ی تشرینی دووەم نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالیکی ھێرشێکی توندی کردە سەر موقتەدا سەدر و چەندین تۆمەتی داوەتە پاڵی.
لەو بەیاننامەدا کە کۆپییەکی دەست AA کەوت ھاتوووە: "سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماوەیەکی کەمە راگەیەنراوە و لەسەر بانگھێشتنی فەرمی بووە و پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەران نییە. ھەروەھا نوسراوە" ئەو سەردانانەی سەرۆک وەزیران دەیانکات ھیچ رێگرییەکی دەستووریی نییە و پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن لەھیچ کەسێک نییە."
لەبارەی داواکارییەکانی مالیکی بۆ کڕینی چەک لە ئەمریکا بەیاننامەکە ئاماژە ئەوە دەکات ئەو چەکانە بۆ بەرگریکردنە لەگەل کە گرووپە تیرۆریستییەکان و دەرچووان لە یاسا خوێن و پیرۆزییەکانیان حەلاڵکردوون.
لەو بەیاننامەیەدا تێوەگلانی موقتەدا سەدر لەگەڵ چەند وڵاتێک بۆ لابردنی مالیکی ئاشکرا دەکات و دەڵێت لەو ھەوڵەیدا دژی ئیرادەی گەلی عێراق شکستی خواردووە.
بەیاننامە سەدر بە کوشتنی عێراقییەکان تۆمەتبار دەکات لەسایەی دادگە شەرعییەکان کە مەبەستی دادگەکانی سوپای مەھدی سەر بە رەوتی سەدرە، ھەروەھا ھاتووە: "سەدر بەشداریی لە فیتنەی تایفی کردووە و بەرتیل و باجی لە خەڵک وەرگرتووە، ھاوکات ھێزە چەکدارەکانی سەر بەو رەوتەشی بە میلیشا دەناسێنێت کە کوشتن و رفاندن و دزینی پارەی لە بەسرا و کەربەلا و بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئەنجامداوە."
بەیاننامەکە ھەڕەشە لە موقتەدا سەدر دەکات و دەڵێت: "ھیوادارین ئەوە دواین وەڵام بێت بۆ سەدر و ھاوپەیمانەکانی، گەر ناچارمان بکات جارێکی دیکە وەڵامەکە زۆر قورس دەبێت."
ئەمە لەکاتێکدایە شەممەی رابردوو موقتەدا سەدر ھێرشێکی توندی کردە سەر مالیکی بەھۆی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و بە نیشاندانی وێنەیەکی رەشی مەزھەبی شیعە لە عێراق وەسفیکرد و داوای لێکرد دان بە شکستھێنانەکەی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بنێت.
لەو بەیاننامەی سەدردا ھاتبوو: "گرێبەستەکانت لەگەڵ ئەمریکا ھیچ سوودێکی ئابووریی نابێ لەکاتێکدا تۆ دژایەتی ھەر کەسێک دەکەێت خزمەتی گەلی عێراق بکات لە پارێزگار و وەزیر و ئەوانی دیکەش."