بەرلین
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەڤیگدۆر لیبەرمان مافی بڕیاردانی لەسەر عێراق و داھاتووی وڵاتی بۆ گەل گەڕاندەوە.
لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ئەڵمانیا، لیبەرمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر کۆبووەوە، دوای دیدارە دوو قۆڵییەکە، لە کۆنگرەیەکی ھاوبەشدا لەبارەی بابەتی رۆژانەی جیھان وەڵامی رۆژنامەنووسانیان دایەوە.
لیبەرمان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناتانیاھو بۆ پشتیگیریکردن لە دەوڵەتی کوردی گوتی: "لەو بارەیەوە دەتوانم تەنیا ئەوە بڵێم کە گەلی عێراق بڕیار لەسەر داھاتووی وڵات دەدا، ھیچ کەسێک لەبارەی بیرکردنەوەی ئێمە شتێکی لێ نەپرسیوین، ناتوانین پێشنیار بۆ ھیچ لایەنێک بکەین، ناشتوانین فشار بکەینە سەر ھیچ کەسێک."
لیبەرمان لەبارەی بیروڕای خۆی سەبارەت بە پرسەکە گوتی: "ئەگەر دەتانەوێ بیروڕای تایبەتیم وەربگرن، بە شێوەیەکی دێبلۆماسی نا بەڵکو بە ئاشکرا بڵێم، دەتوانم ئەوە بڵێم، لە راستیدا وا دەبینرێ کە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی رێگری لێ ناکرێ، بە دڵنیاییەوە ئەمەش پەیوەندیدارە بە عێراقییەکانەوە، کە چۆن بتوانن بەسەر بەشەکانی خۆیاندا سەرکەون."
یەکپارچەیی خاکی عێراق
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە ئەگەری سەربەخۆیی کورد لە گۆڕانکارییەکانی عێراق، گوتی: "ئەو پرسانە پەیوەستە بە کاروباری ناوخۆیی عێراقەوە، پێش ھەموو شت لەبارەی ئەو ناوچانەی عێراقەوە کە رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە، ناتوانن ئەو کێشەیە لە دەرەوە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر ئەو کێشەیە بە چارەسەر نەگا ناتوانن پارێزگاری لە یەکپارچەیی عێراق بکەن."
لیبەرمان ھەروەھا گوتی: "پێویست بە حکومەتێکی یەکێتی نیشتیمانییە کە نوێنەرایەتی سەرجەم نەتەوەکانی عێراق بکا بۆ چارەسەر، بەڵام ناتوانین لە دەرەوە ئەمە دەستەبەر بکەین."
لەبارەی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی عێراق لەسەر ئوردن، لیبرمان گوتی: "بەردەوامبوونی سەقامگیری ئوردن بەردەوامبوونی بەرژەوەندی ئیسرائیلە، بۆ ئەمەش ئەوەی لە دەستمان بێ وەک ئیسرائیل ئامادەین."
بانگەوازی ستێنمیەر بۆ بەغدا
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا شتاینمایەر بانگەوازی بۆ سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق کرد بۆ پێکھینانی حکومەتێکی بنکە فراوان و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بە "ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەرجەم ناوچەکە لەقەڵمەدا و گوتی: "لەگەڵ لیبەرمان لە دیدارەکە قسەم کرد و پێمگوت، لە حەفتەی داھاتوو و رۆژانی دواییدا، گرنگە کە ئەوانەی پشتیوانی لە داعش دەکەن بە ھەر ھۆکارێک بێ، دوور بخرێنەوە، سونەکانی عێراق بەھۆی ئەوەی لە وڵات دڵخۆش نین پشتیوانی لە داعش دەکەن، پێویستە رێگرییان لێبکرێ، چارەسەری ئەو پرسەش تەنیا بەو رێگەیە دەکرێ کە حکومەتێکی بنکەفراوان لە سەرجەم لایەن و بیروڕا و پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق پێکبھێنرێ."
پرۆسەی ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەراست
وەزیری دەرەوی ئەڵمانیا لە کۆنگرەکەدا باسی لە رفاندنی سێ جولەکەکە کرد و ھەڵدانی موشەکی بۆسەر ئیسرائیل بە "ھەوڵێکی قبوڵنەکردن" لەقەڵم دا.