سوپای لوبنان رایگەیاند: لە ئاکامی دوو ھێرشی بۆمبی لە شاری سەیدا لە لوبنان، سەربازێک و چوار لە ھێرشبەران کوژران، هەروەها سێ سەربازی دیکە برینداربوون.
بە گوێرەی راگەیەنراوەیەکی سوپای لوبنان، کەسێک بە بۆمب ھێرشی کردۆتە سەر خاڵێکی سەربازیی لە گەڕەکی عولە لە شاری سەیدا، لە ئاکامدا دوو سەرباز بریندار بوون، دواتر سەربازان دەستبەجێ ھێرشبەرەکەیان کوشتووە.
نیو سەعات دوای رووداوەکەی گەرەکی عولە، سێ چەکداری دیکە ھێرشیان کردۆتە سەر خاڵێکی دیکەی سوپای لوبنان، دوای ئەوەی یەکێکیان نارنجۆکی لەدەست تەقیوەتەوە ھەر لەوێ گیانی لەدەستداوەو سەربازێکی سوپای لوبنانیش بەھۆی کاریگەریی نارنجۆکەکە گیانی لەدەستداوە. دوای ئەوە سەربازان دەسترێژییان لە دوو چەکدارەکەی دیکە کردووەو کوشتوویانن.