Rewa Mahmood Hasan
03 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2021
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی کە فەرمانی دەرکردنی هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتی، لاهور جەنگی لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەرچوو، یەکێک لەو خاڵانەی ناوبراوی پێ تۆمەتبار کراوە بە پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ئەنجام دانی ناپاکی سیاسیی، نیشتمانیی، نەتەوەیی و حزبییە.
بەپێی ئەو نووسراوە فەرمییە بێت کە هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی واژووی کردووە و بڕیاری دوورخستنەوەی لاهور جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی تێدا دەرکردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە ناوبراو بەتۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لەنێو ریزەکانیان دەرکراوە.
بەپێی ئەو نووسراوەی کە هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی دەری کردووە، لاهور جەنگی پێشێلکاری کردووە بەرامبەر هەریەک لە بڕگەكانی (یەكەم ، دووەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم) لە ماددەی نۆ و بڕگەکانی (دووەم و سێیەم) لە ماددەی ١١، (١،٢،٣،٤،٥،٦،٧ /هـ - بڕگەی دووەم) لە ماددەی١٢ و برگەی (یەکەم) لە ماددەی ( ٣٧)و ماددەی ٧٠ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی.
دوای بەدواداچوونێکی ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو بڕگە و ماددانەی کە ناوبراو پێشێلی کردووەن بەپێی فەرمانەکە، سەرەکیترینیان بەشداری نەکردنی ناوبراوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی حزبیدا، هاوکات لەگەڵ ئەنجام دانی ناپاکی (سیاسیی، نیشتمانیی، نەتەوەیی و حزبی) و کارکردن بۆ حزب و لایەنی تر.
ناوەڕۆکی ئەو ماددانەی کە لاهور جەنگی پێ تۆمەتبار کراوەو بووەتە هۆکاری دەرکردنی لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمانەی خوارەوەن:
ماددەی حەفتا: "ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و كادیری پێشكەوتوو، نابێت دەسەڵاتی حزبی بۆ هیچ چالاكییەكی بازرگانیی و ئابووریی بەشێوەی تاك یان هاوبەش بۆ خۆی یان كەسی نزیكی بەكاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی قازانج."
برگەی ٢ لە ماددەی نۆ: ''کەسێک ئەندامێتیی یەکێتی لەدەستدەدات کە ناپاكیی (سیاسیی، نیشتمانیی، نەتەوەیی و حزبی) بکات.
برگەی ٣ لە ماددەی نۆ: ''کاركردن بۆ پارتەكانی دیکە لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنە گشتییەكاندا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەندامێتی.''
(٧،٦،٥،٤،٣،٢،١ /هـ - بڕگەی دووەم) لە ماددەی١٢:
١. كاركردن دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتمان.
٢. كاركردن دژی سیاسەتی (ی. ن. ك) و هەوڵدان بۆ تێكدانی ریزەكانی.
٣. بەكارهێنانی پێگە حزبییەكەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی.
٤.بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بخاتە پێش بەرژەوەندییەكانی یەكێتی.
٥.دركاندنی نهێنییەكانی یەكێتی.
٦. كاركردن دژی پاڵێوراوان و بەرنامەی یەكێتی لە كاتی هەڵبژاردنەكان.
کە ئەمانەش دەبێتە هۆی دەرکردنی ئەندام لەنێو ریزەکانی یەکێتیدا.