Mohammed Baqi Hussein
26 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2016
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری: "زۆر هەستیارین بەرامبەر نیگەرانییەكانی توركیا لە پەیوەندی نێوان پەكەكە و یەپەگە. لەوبارەوە ئێمە لە ئاستێكی گرنگدا گفتوگۆیان لەگەڵ ئەنجام دەدەین. پێویستە رێز لە نیگەرانییەكانی توركیا بگرین، رێزی لێدەگرین و باوەڕمان وایە رێزمان لێگرتووە".
كیری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی بەشداریی كرد لە كۆبوونەوەیەكی كۆمیتەی دیاریكردنی خەرجی وەزارەتەكەی بۆ ساڵی 2017.
كیری لە كۆبوونەوەكەدا وەڵامی پرسیاری ئەندامانی ئەنجوومەنەكەی دایەوە.
لەسەر وەبیرهێنانەوەی نیگەرانییەكانی توركیا لە پەیوەندییەكانی نێوان پەكەكە و یەپەگە كیری راگەیاند، لەگەڵ ئەنقەرە لەوبارەوە لە پەیوەندیدان.
كیری گوتی: "توركیا سنووری لەگەڵ سووریا هەیە و ئەوەی لەوێ روودەدات پەیوەندی زۆری پێیەوە هەیە. زۆر هەستیارین بەرامبەر نیگەرانییەكانی توركیا لە پەیوەندی نێوان پەكەكە و یەپەگە. لەوبارەوە ئێمە لە ئاستێكی گرنگدا گفتوگۆیان لەگەڵ ئەنجام دەدەین. پێویستە رێز لە نیگەرانییەكانی توركیا بگرین، رێزی لێدەگرین و باوەڕمان وایە رێزمان لێگرتووە. كاركردنی ماوە كورت لەگەڵ كورد بێ ئەوەی كێشەیەكی دیكە دروست بكات، تا بەرەوپێشچوون دەستەبەر دەكرێت، ئەمەیش زۆر گرنگە تا دواتر سەختی نەهێنێتە رێگەمان لەناوچەكەدا. لەبەرئەوە كارەكانمان زۆر بە هەستیاری بەڕێوەدەبەین".
كیری رایگەیاند بۆ لەناوبردنی داعش لەناوچەكەدا پێویستیان بە هێزی ناوچەكەش هەیە و كۆبانێی بە نموونە بۆ ئەو بابەتە هێنایەوە.
كیری راشیگەیاند گرووپی جیاجیای كورد هەیە كە دەكرێت لەگەڵ توركیا هەماهەنگی بكەن و لەوبارەوە لەگەڵ توركیا بۆ تاوتوێكردنی چۆنێتی پێشڕەوی بێ ئەوەی هێڵە هەستیارەكان ببەزێنن و رەچاوی هەستیاریی ناوچەكە بكەن لەگفتوگۆدان.
- رۆڵی ئێران لە سووریا
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە كۆتاییهاتنی گەمارۆكانی سەر پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەكی ئێران لە كۆتایی ئەمساڵدا و كاركردن بۆ نوێكردنەوەی سزاكان كیری رایگەیاند، كە پێویستە كار بۆ نوێكردنەوەی بكرێت.
كیری جەختی كردەوە كە بێ ئەوەی پێویست بە نوێكردنەوە ئەو یاسای سزادانە بكات، وڵاتەكەی خاوەنی هێزی هێنانەوەی سزاكانە بۆسەر ئێران و ئاماژەی بەوەدا كە تازە دەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوادا كراوە.
ناوبراو لەوبارەوە رایگەیاند، كە پێویستە چاوەڕێ بكەن و ببینن تا چەند حكوومەتی تاران پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.
سەبارەت بە باسوخواسی یارمەتییەكانی ئێران بۆ تیرۆر لەناوچەكەدا و چالاكییەكانی ئەو وڵاتە بۆ تێكدانی ئارامی، كیری رایگەیاند، كە ژمارەیەكی بەرچاو لە سەربازانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا كشاونەتەوە.
كیری گوتی: "لەڕاستیدا سوپای پارسدارانی ئێران سەربازانی لە سووریا كێشایەوە. خامنەیی ژمارەیەكی زۆر سەربازی لەو وڵاتە گێڕایەوە. بوونی هێزی ئێران لەو وڵاتە كەمی كردووە. بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت كە ئێران لە سووریاوە چەك بۆ لوبنان نانێرێت. نیگەرانییەكانمان لەوبارەوە بەردەوامە".
- فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی بە ئیران لەلایەن رووسیاوە
كیری لەبارەی ناردنی فڕۆكەی جەنگی جۆری SU-30SM لەلایەن مۆسكۆوە بۆ تاران رایگەیاند، كە دژی ئەو گرێبەستە وەستاونەتەوە.
كیری گوتی: "ئەمە بابەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە. ئەو بابەتە چاوەڕوانی پەسەندكردنە لە ئەنجوومەنەكە، بەڵام ئێمە پەسەندی ناكەین".
لەبارەی كێشەی فەڵەستین - ئیسرائیل كیری ناساندنی فەڵەستینی وەك دەوڵەت لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە تاك لایەنانە ناوبرد و لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا وڵاتەكەی پشتگیری رەشنووسی بەدەوڵەت ناساندنی فەڵەستین دەكات یان نا، كیری گوتی: "ئێمە هەمیشە دژی ئەو رەشنووسە تاكلایەنانەین كە ستەم لە ئیسرائیل دەكەن".
- ئیخوان موسلیمین
رەشنووسی تۆماركردنی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە لیستی رێكخراوە تیرۆرستییە بیانییەكاندا وەبیر كیری هێنرایەوە كە دوێنێ لە كۆمیتەی دادی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پەسەند كرا. لەوەڵامی پرسیاری،"ئایا باوەڕدەكەن ئیخوان موسلیمین لە توندوتیژییەوە نەگلابێت؟"، كیری گوتی: "سەختە هەمووان بخەیتە هەمان قاڵبەوە".
بەڵام كیری بانگەشەی ئەوەی كرد ئەندامانی ئیخوان هەن كە لەگەڵ توندوتیژیدا تێكەڵ بوون.