هەولێر
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: لە كۆنگرەیەكی رۆژناوانیدا كە بۆ ڤیلادیمیر ماكای وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا رێكخرابوو، بۆچونی وڵاتەكەی لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان روونكردەوە.
وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا لەو بارەوە گوتی: "چەند رۆژێك بەر لە ئێستا سەردانی بەغدامان كردو ئێستاش هاتوینەتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتەكەمان لەسەر ئەو هەڕەشانەی رێكخراوی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق هەیەتی روونی بكەینەوە و هەروەها چۆنییەتی یارمەتیدانی بیلاڕوسیاش ئاشكرا بكەین."
ماكای گوتی:" بۆ رووبەڕووی بوونەوەی داعش تەنیا هەرێمی كوردستان و عێراق ناتوانن ئەو ئەركە بەڕێوەببەن بەڵكو ئەوە ئەركی كۆمەڵگای نیودەوڵەتیشە كە یارمەتیان بدەین."
ماكای جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان بۆ دانانی بەرنامەیەكی درێژخایەن لە بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی هاوكاری هەرێمی كوردستانیش دەكەن و دانی بەوەشدا كە لە ئێستادا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بیلاڕوسیا لە ئاستێكی نزمدایە بۆیە وڵاتەكەی بیر لەوە دەكاتەوە كە پەیوەندییەكی باشتری لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێ.
وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا بە بێ ئاماژە بە وردەكارییەكانی بكات، گوتی: "چەند پڕۆژەیەكی ستراتژی لە لایەن بیلاڕوسیاوە خراوەتە بەردەست بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كە ئەگەر جێبەجێ بكرێ، پەیوەندی دوو لایەن پتەوتر دەبێ و لە هەمانكاتیشدا خەڵكی كوردستان سودی لێ دەبینێ."
ماكای گوتیشی: "خواستێكی هاوبەش لە نێوان دوو لایەن هەیە كە پەیوەندییمان لەوە زیاتر بێ."
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكیشدا لە بارەی پرسی سەربەخۆیی كوردستان، وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا گوتی: " ئەوەی پەیوەندی بە هەڵوێستی خەڵكی كوردستان هەیە و ئەوان دەبێ لەو بارەوە بڕیار بدەن."