Hemn Baban
05 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2015
كۆمپانیاکانی توركیا و ئێران ئامادەیی بەرچاوییان لە پێشانگەكەدا هەیە.
ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر 11ی سەر لەبەیانی یانزهەمەین پێشانگەی بازرگانیی نێودەوڵەی لە شاری هەولێر كرایەوە، لە رێوڕەسمی كردنەوەكەشدا جگە لە وەزیری كارەبا و پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم، كونسوڵی چەند وڵاتێكیش ئامادەبوون لە نێویاندا كونسوڵی ئەمریكا.
لەو پیشانگەیە كە ئاستی بەشداریكردن تا رادەیەك باش بوو بەڵام لە چۆنێتیدا بەشداریی كۆمپانیاكان لەچاو ساڵانی پێشووتر نزمتر بوو كە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش دوو گەورەترین هۆكاری ئەوەن.
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "140 كۆمپانیا لە 14 وڵاتی جیاوازە بەشداریی ئەم پێشانگەیە دەكەن كە پێنج لەو وڵاتانە ئەورووپی و پێنجییان عەرەبیین، لەگەڵ بەشداریی هەریەك لە كۆمپانیاكانی وڵاتی چین و ئەمریكا و كۆمپانیاکانی ئەوروپییش".
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "ئەمڕۆ یانزەهەمین پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتی هەولێرمان كردەوە، بەردەوامبوونی ئەو كۆمپانیایانە سەرباری ئەو بارە تایبەتەی هەرێمی كوردستان و عێراق پێیدا تێدەپەڕێت كە بەشێكی پەیوەندیی بە بزووتنەوەی ئابووری و ئەو ركابەرایەتییانەی رووبەڕووی بووینەتەوە هەیە، نیشانەی متمانە و بڕوا بوونە بە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی ئابووریی هەرێم، هیوادارین كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیش سوود لەم پیشانگەیە ببینن".
نەوزاد هادی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە قەیرانی دارایی هەرێم و شەڕی داعش كاریگەریی هەبووە لەسەر بەشداریی كۆمپانیا و وڵاتان لە پێشانگەكە كە ژمارەیەكی كەمتر لە چاو ساڵانی رابردوو بەشدار بوون.