هەولێر
پارتی لەسەرتاوە لەگەڵ كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نەبووە، سەد دەر سەدیش دڵنیایین كە گۆڕان بارەگاكانی ئێمەیان سووتاند.
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات كە پارتی سەد دەر سەد لەوە دڵنیایە كە گۆڕان لە پشت سووتان و هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتییەوەیە لە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی سلێمانی و دەشڵێت دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكوومەت و دوورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە فەرمانی خودی سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی بووە.
لەوبارەیەوە كاكەمین نەجاڕ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێشتا هەرێمی كوردستان یەك هەرێمە و دوو بەش نییە، چونكە هێشتا یەك حكوومەت و یەك پەرلەمانمان هەیە، بەڵام ئەوەی لە نێوان ئێمە و گۆڕان لە ماوەی رابردوو روویدا ئەوەیە ئێمە لەیەك حكوومەت بووین، بەڵام گۆڕان ماوەیەكی زۆرە هەوڵ دەدات خۆپیشاندان بكرێت و شەقام بۆ خۆپیشاندان هاندەدەن، ئەوەیشی لە سلێمانی كرا لە هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتی و سووتاندنییان و شەهیدكردنی خەڵكیش دەركەوت ئامانجەكە هەر پارتییە، گۆڕان تەلەفزیۆنێكیان هەیە شەو و رۆژ جنێو بە حكوومەت دەدات و بە گەندەڵی دەزانێت، باشە ئەگەر ئێوە حكوومەت ئاوا بە خراپ دەزانن بۆ لەناوین؟".
مامەڵەكردنی گۆڕانیشی بە دووفاقی ناوبرد و گوتی: "سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان بە رێككەوتنی سیاسیی هاتوون، بۆیە ناكرێت تۆ لە حكوومەت بیت و من تۆم هێنابێتە ناو حكوومەت و ئاوا مامەڵە بكەیت، بۆیە پێمان گوتن مادام بەوشێوەیە مامەڵە دەكەن بڕۆنە دەرەوەی حكوومەت، ئیدی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گوتووە كە دەوام نەكەن نەك حزب، كاك مەسعودیش لەگەڵ ئەو بڕیارە بوو".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە پاش دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان قۆناغی دووەمی دەست پێدەكات كە بە قسەی ئەو بریتییە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بێ بزووتنەوەی گۆڕان، و راوێژپێكردنییان لەسەر شێوازی نوێی كابینەی حكوومەت، لەو رووەوە گوتی: "قۆناغی یەكەم ئەو هەنگاوەمان هاویشت، قۆناغی دووەم لەگەڵ حزبەكان لەگەڵ یەكێتی و یەكگرتوو و ئەوانی تریش دادەنیشین بزانیین وەزارەتەكانی گۆڕان دابەش بكەین بەسەر لایەنەكانی تر یان بەوەكالەت بەڕێوەیان ببەین یان هەڵبژاردنی تر بكرێت، بۆیە قۆناغی داهاتوو كە لە چەند رۆژی داهاتوو و بەمنزیكانە دەست پێدەكات قۆناغی راوێژكردنە لەگەڵ حزبەكانی تر، جارێ لەگەڵ حزبەكانی تر دەبێت بێ گۆڕان دواتر هەنگاوی تر دەنێین".
گوتیشی: "لەو گفتوگۆیەنەشدا باس لەوە دەكرێت كە رێككەوتنی تر لەسەر پێكهێنانی حكوومەت بكرێت و ئەگەری هەیە باسی ئەوەش بكرێت ئایا ئەگەر گۆڕان بگەڕێتەوە ئەوە دەكرێت؟ یان بە چی شێوازێك بێت".
بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرباری رەخنەیەكی زۆری لە بزووتنەوەی گۆڕان و كادیرەكانی باسی لەوە كرد كە دوور نییە لە ئایندەدا لەگەڵ گۆڕانیش دانیشتن بكرێت، ئەو گوتی: "لە سیاسەتدا هەموو شتێك واریدە"، هاوكات باسی پەیوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و گۆڕانی كرد و روونیكردەوە "ئێمە و گۆڕان دوژمن نیین لەم وڵاتە، ئێمە منافسی یەكترین، دوژمنایەتی و مونافەسە جیاوازە، ئێمە دوژمنی ئەوان نیین، بەڵام ئەوان خراپ مامەڵە دەكەن، ناكرێت وەزیری داراییت هەبێت و بڵێت حكوومەت پارەی هەیە و نایدات بە خەڵك، ئەگەر جاران نەیدەوێرا قسە بكات خۆ ئێستا لە سلێمانییە با بۆ خەڵكی كوردستانی ئاشكرا بكات و بڵێت پارەكە لە فڵان شوێنە، بۆیە ئەو دوو فاقییەی گۆڕان ناكرێت، دەبێت خۆی یەكلایی بكاتەوە، یان دەبێت لە حكوومەت بێت یان دەبێت ئۆپۆزسیۆن بێت".
كاكەمین نەجاڕ لەبارەی ئەگەری دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بێ ئومێدی خۆی نیشاندا لەوەی دووبارە ئەو جۆرە كۆبوونەوانە بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: "پارتی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نەبووە بەشێوەیەك ئەو پێنج حزبە بڕیار لەسەر هەرێمی كوردستان بدەن". گوتیشی: "ئەگەر كۆبوونەوەی حزبەكانە ئەوا حزبی تریش هەیە، ئەگەر حكوومەتیشە ئەوانی دیكەش نوێنەریان لە حكوومەت هەیە، ئەگەر پەرلەمانیش بێت لەگەڵ حزبەكانی پەرلەمان دەبێت كۆبوونەوە بكرێت، بۆیە سەرۆكایەتی هەرێم و ئێمەش پێمان باشە لەگەڵ هەمووان كۆببینەوە، ئەگەر كۆببێنەوە، بۆچی كۆمەڵ خاوەنی بڕیار و سەركردە و هەموو شت بێت بە شەش كورسییەوە كەچی مەسیحییەكان كە هەمان رێژە كورسییان هەیە نابێت بەشداری كۆبوونەوە بكەن، بۆ توركمان بەشداری كۆبوونەوە نەبێت، بۆ نابێت محەمەدی حاجی مەحموود كە هەموو رۆژ لە میحوەرەكانە و كوڕی شەهید بووە بەشدار نەبێت".
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەردەوامیی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو كە بەشی زۆری بۆ تاوتوێكردنی دواین بۆچوونەكانی پارتی لەسەر بارودۆخی نێوخۆی هەرێم بوو، گوتی: "هێشتا پارتی بڕیاری كۆتایی نەداوە كە كابینەی نوێ یان هەمواركردنەوەی كابینەكە بێ بەشداریی گۆڕان دەبێت یان نا، بەڵام بۆ ئەوە خۆمان یەكلایی كردووەتەوە كە گۆڕانیش بەو عەقڵییەتەی ئێستا ناتوانێت لە ناو حكوومەت بەردەوام بێت، ناتوانێت بەو دووفاقییە چیتر سەرنجی جەماوەر رابكێشت، ئێمە دەپرسین گۆڕان ئەوە دوو ساڵە لە حكوومەتدایە چی گۆڕی؟، مەگەر گۆڕانی ئەوان ئەوە بێت لە ئارامییەوە هەرێمی كوردستانییان گۆڕی بۆ فەوزا".
لەبارەی ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی كابینەی حكوومەت و پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەش، كاكەمین نەجاڕ گوتی: "ئەو سێ بژاردەیە لە ناو پارتیدا باس نەكراوە". ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە گوایە پاش دوورخستنەوەی وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكوومەت پارتی وەزیرەكانی كۆمەڵی ئیسلامیش دەردەكات و گوتی: "باسی دەركردنی وەزیرەكانی كۆمەڵ نەكراوە".
هەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشە كاكەمین نەجاڕ باسی لەوە كرد كە یەكێتی تایبەتمەندی و كێشەی خۆیان هەیە، وەكو هۆشدارییەكیش بۆ یەكێتی گوتی: "بەهێزبوونی گۆڕان لەسەر حسابی یەكێتی دەبێت، وەكو چۆن لە هەڵبژاردنەكانی پێشتر گۆڕان دەنگەكانی یەكێتی بردووە نەك هی پارتی و لایەنەكانی دیكە، هەر بۆیە خودی یەكێتیش ئەو راستییە دەزانن، بۆیە قەناعەت ناكەم یەكێتی ئەوەندە سووربێت لەسەر بەشداریی گۆڕان لە حكوومەتی نوێ".
بەرپرسەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ رەخنەگرتن لە بزووتنەوەی گۆڕان و دەڵێت "ئێمە لە گۆڕان زۆر هاتووینەتە پێشەوە و لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت پۆستی باشمان پێدان كە بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە و داراییمان پێدان كە بۆ ئیمە زۆر هەستیارن، پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەغدامان بێ بەرامبەر پێدان، كەچی ئەوان بە فیتنە و خۆپیشاندان وەڵامیان داینەوە، ئەوان كێشەكانییان قووڵ كردووەتەوە، سەرۆكی پەرلەمان لەجیاتی ئەوەی وا لە پەرلەمان بكات كۆكەرەوەی حزبەكان و جێی بڕیاردان بێت، وای كرد ببێتە داردەستێك بەدەستی نەوشیروان تا بەوشێوەیە تێكیدا".
لەبارەی ئەگەری دانیشتنی هەردوو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیش گوتی: "دانیشتنی ئەو دووانە كێشە نییە، بەڵام گۆڕان نەیانویستووە، ئەگەر نا دەرگای پارتی و سەرۆك بارزانی هەمیشە كراوەبووە، ئێمە كێشەمان نییە تا داوای ئەوە بكەین، ئەوان كادیری ئێمە شەهید دەكەن و بارەگامان دەسووتێنن و خۆپیشاندان دەكەن.
سەبارەت بەوەی ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوانەی دەیڵێت تۆمەت نیین بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، كاكەمین نەجاڕ گوتی: "راگەیاندنەكانیش بەڵگەتان هەیە و تەسویر كراوە، ئێمە یەكتر باش دەناسین و كادیرەكانی ئێمە لە قەڵادزێ و كەلار و كفری و شوێنی تر یەكتر باش دەناسن، بۆیە ئێمە سەد دەر سەد لەو دڵنیایین كە گۆڕان بارەگاكانی ئێمەی سووتاندووە".
ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی سووربوونی حزبەكەیەوە بە دەستگرتن بە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم و كاركردن بۆ هێشتنەوەی لە پۆستەكەیدا گوتی: "كوا پارتی سوورە، ئەوان وایان كرد پارتی سوور بێت، بارزانی لە دواین پەیامیدا بە روونی دەڵێت وەرن دانیشن با من پۆستەكەم تەسلیمی كەسێكی تر بكەم، بەڵام ئەوان نە هەڵبژاردن دەكەن، نە پرۆژەیان هەیە، نە كاندیدیان هەیە، لە تەلەفزیۆنەكانیشەوە دەڵێن با مەسعود بارزانی بڕوات، ئاخر بۆ كوێ بڕوات خۆ مەسعود بارزانی كرێچی نییە، ئیش وا ناڕوات، من وەكو كاكەمین،كاك مەسعود بە باشترین سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لە ئێستادا دەبینم، لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە،بوونی شەڕی داعش و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەگەر ئەوان كاندیدییان هەیە ئەوە عەرز و ئەوە گەز، ئیدی دەكرێت لە هەڵبژاردن خەڵك یەكلایی بكاتەوە، ئێمە ئامادەیین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم".
لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئانادۆڵو كاكەمین نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەوان وەكو پارتی ئێران بە دەست هەبوون لە خۆپیشاندانەكان تۆمەتبارناكەن، گوتیشی: "ئەگەر ئێران یان توركیا دەست لەناو كوردستان وەربدەن، ئێمە خۆمان تۆمەتبار دەكەین و گلەییمان لە خۆمان هەیە، چونكە ئەگەر دەستییان رانەكێشین ئەوان نایەن".
لە تەوەرێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر كاكەمین نەجاڕ لەبارەی كێشەكانی هەرێم و ناوەند گوتی: "ئێمە پێمان باشە پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەكی باش بێت، ئەگەر جوداش بووینەوە جیرانێكی باش بین و جیابوونەوەكەش بە رێككەوتن و برایەتی بێت بە كێشە نەبێت، بەڵام ئەوان مامەڵەیان تا ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستان خراپە، بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانییان بی هۆ بڕی، ئێستاشَ بەغدا وەكو كڕیارێك مامەڵە لەگەڵ نەوتی هەرێم دەكات، ئەگەر بەو عەقڵییەتە مامەڵە بكەن نابێت".
سەبارەت بە شەڕی پەكەكە و توركیاش بۆ ئانادۆلو گوتی: "لە هەڵبژاردنی پێشوو كورد 13 لەسەدی دەنگەكانی بەدەست هێنا كە 80 كورسی دەكات، بۆیە ناكرێت لەلایەك بەشداریی لە پەرلەمان بكەیت و لە دەسەڵات بیت و تفەنگ بە حكوومەتەوە بنێی، بە توركیاشیان گوتووە كە كورد لە توركیا رێژەیەكی زۆرە و ناكرێت فەرامۆش بكرێن و دەبێت چارەسەری كێشەی كورد بكرێت".
گوتیشی: "ئێمە پێمان وایە كورد لە توركیا بە ئاشتی و خەباتی سەردەم كاربكات، ئێستا لەو شەڕانەی هەیە رۆژانە سەربازی تورك و كورد دەكوژرێن و ئەوەش بەو شێوەیە نابێت، باشترە بگەڕێنەوە بۆ ئاشتی، نە توركیا بیەوێت كورد بسڕێتەوە و بڵێت كورد لە وڵاتی من نییە، چونكە نزیكەی 20 ملیۆن كورد لەوێ هەیە و خاكی باب و باپیرانیانە و كورد لە تورك كۆنترن لە توركیا و شاردنەوەی واقیع بە پەردەپۆشكردنی نابێت، نە كوردیش بە توندوتیژی و سووتان و تێكدان كار بكات، چونكە ماڵی خۆی تێكدەدات، بۆیە باشترە بگەڕێتەوە بۆ ئاشتی و بەشداریی كردەی سیاسیی بكەن و باشترە، ئەمڕۆش كەشێكی باشی خەباتی سیاسی بۆ كورد لە توركیا رەخساوە، بۆیە باشترە كورد خەباتی سیاسیی بكات نەك خەباتی چەكداری".
ئەو پێشبینیشی كرد كە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتوو هەریەك لە هەدەپە و ئاك پارتی نزیك لە دەنگەكانی پێشوویان كورسی لە پەرلەمان دەست بخەن.
news_share_descriptionsubscription_contact

